بڕیاری سێدارە بۆ بکوژی ئاخینی شەش ساڵ و باوکی درا

دادگای تاوانەکانی دهۆک بڕیاری لەسێدارەدان هەتا مردنی بۆ بکوژی ئاخینی شەش ساڵان و باوکی دەرکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٤ی ئابی ٢٠٢٢، ئاوارەیەکی کوردی ئێزدی بەناوی فاروق میرزا خەلەف، تەمەن ٤٢ ساڵ لەگەڵ کچە بچووکە تەمەن شەش ساڵەکەی بەناوی ئاخین فاروق لە گوندی حەسەن رەشۆی سەر بە شارۆچکەى زاخۆ بێسەروشوێن بوون، دوای چوار ڕۆژ پۆلیس تەرمی فارووقی دۆزییەوە و لە ڕۆژى ١٢ ى هەمان مانگ تەرمی ئاخین دۆزرایەوە.

 

١١ى ئاب پۆلیسی دهۆک هەواڵی دەستگیرکردنی بکوژى ئاخینى شه‌ش ساڵان و فاروقی باوكی ڕاگەیاند و لە کاتى لێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، هەروەها پێشتریش ئەو کەسە بە تاوانی کوشتن و هەڕەشەکردن سزادراوە.

 

دوای لێکۆڵینەوەکان دۆسیەی بکوژانی ئاخین و باوکی برایە بەردەم دادوەر لە دانیشتنى ئه‌مڕۆدا، لە دادگای تاوانه‌كانی پارێزگاى دهۆك، دادوەر بڕیاری له‌سێداره‌دان هەتا مردنی بۆ بكوژی ئاخین و باوکى دەرکرد .