جەزائیر یەکێک لە پایە هونەرییەکانی لەدەستدا

هونەرمەندی جەزائیری "فەریدە سابونجی"، کە یەکێک بوو لە پایە هونەرییەکانی جەزائیر لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا، بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستییەوە کۆچی دوایی کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ١٧ی ئەیلول وەزارەتی ڕۆشنبیری و هونەری جەزائیر کۆچی دوایی کەسایەتی دیاری شانۆ و تەلەفزیۆن، هونەرمەند فەریدە سابونجی ڕاگەیاند.

 

فەریدە دوای ئەوەی دۆخی تەندروستی بەرەو خراپ بوون دەچوو، لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا کۆچی دوایکرد، لەو بارەیەوە وەزیری ڕۆشنبیری ڕایگەیاند، "بە گیان لەدەستدانی ئەو هونەرمەندە بەتوانایە جەزائیر پایەیەکی جوانی هونەری لەدەستدا".

 

فەریدە سابونجی، لە ساڵی ١٩٣٠ لەدایکبووە، لە تەمەنی سیازدە ساڵیدا لە ڕێی شانۆوە دەستی بە کاری هونەری کردووە، بەم جۆرە لە کاری هونەری بەردەوام بووە تا ساڵی حەفتاکان، دواتر لە ڕێگای ڕادیۆی جەزائیرەوە درامای ڕادیۆیی پێشکەش دەکرد، یەکێک لە بەرهەمە دیارەکانی زنجیرەی "ئەلمەسیر"ە لە ساڵی ١٩٨٩.

 

لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا وەک ئەکتەرێکی سەرکەوتوو لەسەر شانۆ بەرهەمی پێشکەش دەکرد، دوایین دەرکەوتنی لە تەلەفیزیۆن لە زنجیرەی "دار ئەلبەهجە" بوو لە ساڵی ٢٠١٣، لە دیارترین زنجیرە تەلەفیزیۆنیەکاندا وەک "المسیر"، "المکتوب"، "ئیرادە" و "دار ئوم هانی"دا ڕۆڵی گێراوە، بە جۆرێک سەرکەتوو بووە لە ماوەی کاروانی هونەریدا چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە.

 

ئەم هونەرمەندە لە ساڵی ٢٠١٨ تووشی جەڵدەی مێشک بوو، ئەمەش بووە هۆکار بۆ دوورکەوتنەوەی لەسەر شاشە و بینەرانی، بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستییەوە دوێنێ، ١٧ی ئەیلول گیانی بە خاک سپێردرا.