٣ی ئاب بە ڕۆژی نێودەوڵەتی تێکۆشان دژی کوشتنی ژنان دیاریکرا

ژنانی بەشداربوو لە سێیەمین کۆنفرانسی جیهانیی ژناندا داوای یەکڕیزی ژنانی کیشوەرەکانیان کرد بۆ دۆزی هاوبەشیان.

زهور ئەلمەشرەقی

 

تونس- لە دانیشتنی کۆتایی کۆنفرانسی جیهانیی ژناندا لە تونس، ڕێکخەرانی بەشداربوو لە وڵاتە جیاوازەکانەوە جەختیان لەوە کردەوە کە هاودەنگی ژنان دەبێت ناونیشانێک بێت بۆ قۆناغێکی نوێی هاودەنگی نێوان کیشوەرەکان.

 

ڕێکخەران جەختیان لەوە کردەوە کە زیندوویی ژنان و هۆشیاری لە پرسەکانیان دەبێتە پاڵنەرێک بۆ بزووتنەوەکانی ژنان لە جیهاندا بۆ چڕکردنەوەی کارکردن بۆ ماف و دەستکەوتی زیاتر، هەروەها وتیان "ئەی ژنانی جیهان با یەکبگرین و بۆ خۆمان ڕێکخستوو بین، نەک بۆ ئەوانی دیکە".

 

دەنگدان لەسەر ئەو لیستانە دەستیپێکرد کە لەلایەن نوێنەرانی بەشداربووی کۆنفرانسەکە پێشکەشکرابوون، کە بریتی بوون لە کێشە و گرفتەکانی ژنان و پێشنیارەکانی گۆڕانکاری بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە جۆراوجۆرەکانی هاوشێوە.

 

پێشنیازی شاندی کوردی سووریا بۆ سازدانی کۆنفرانسی داهاتوو لە ڕۆژئاوای کوردستان- باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، کە هەوێنی شۆڕشی ژنە، بووە هۆی پێشوازی و سەرسامی کەسانی نێونەتەوەیی و ستایشی ئەزموونی پێشەنگانەی ژنانی کوردیان کرد.

 

ڕێکخەران جەختیان لەوە کردەوە کە لە کۆنفرانسەکەدا پێویستییەکی زۆری ژنان بۆ یەکتری نیشان درا، کە کاتی ئەوە هاتووە بە یەکگرتوویی لە دژی چەشنە چەقبەستووەکانی کۆمەڵگە و سیاسەتە ئیمپریالیزمەکان بوەستنەوە کە ژنان دەچەوسێننەوە، باسیان لە ئازارەکانی ژنانی فەلەستینی و کارەساتی ژنانی کورد کرد کە بەزۆر لە خاکی خۆیان بەرەو جیهان ئاوارە بوون، هەروەها باسیان لە هۆکارەکانی کۆچی ژنانی ئەفریقی کرد بەسەر دەریای ناوەڕاستدا، جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێت ئەم هاودەنگییە فێمینیستییە ناونیشانی قۆناغێکی نوێی هاودەنگی نێوان کیشوەرەکان بێت.

 

لە کۆتا دانیشتنی سێیەمین کۆنفرانسی جیهانیی ژناندا کە لە تونسی پایتەخت بە میوانداری ژنانی نزیکەی ٣٠ وڵاتی جیهان بەڕێوەچوو، ٣ی ئاب وەک ڕۆژی نێودەوڵەتی تێکۆشان دژی کوشتنی ژنان ناسێندرا.