گەرمیان، ژنێکی گەنج خۆی سوتاند؛ دووەم حاڵەتی سوتانە لە مانگی ئەیلولدا

ژنێکی گەنج لە شارۆچکەی کەلار خۆی سوتاند و بەهۆی زۆری ڕێژەی سوتاوییەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٦ی ئەیلول لە گەڕەکی جوتیارانی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان ژنێکی تەمەن ٢٢ ساڵ ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە، درەنگانی هەمان شەو لە نەخۆشخانەی سوتاوی سلێمانی بەهۆی زۆری ڕێژەی سوتاوییەکەیەوە کە ١٠٠٪ بووە گیانی لەدەستداوە.

 

جێگیری بەڕێوەبەری نەخوشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، ئەو ژنە ناوی ساکار جاسم-ە و تەمەنی ۲۲ ساڵ بووە و هاوسەرگیری کردووە بەهۆی ئەوەی ماوەی سێ مانگە کێشەی لەگەڵ هاوژینەکەی هەبووە، چووەتە ماڵی باوکی و لەوێ خۆی سوتاندووە، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان هۆکاری خۆسوتاندنەکەی پشتڕاست کردوەتەوە لە زاری ساکار جاسمەوە.

 

لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا ئەمە دووەم حاڵەتی سوتان و خۆسووتاندنی ژنانە لە باشووری کوردستان، لە ٦ی ئەیلولدا ژنێکی گەنجی دیکە بە ناوی ش.ف.ی ٣١ ساڵ لە خانەقین بەهۆی سووتانێکی گوماناوییەوە گیانی لەدەستدا.