لە ئۆکراینا بەهۆی شەڕەوە ٩٧٢ منداڵ بریندار بوون و گیانیان لەدەستدا

لە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا کە لە مانگی شوباتەوە دەستی پێکرد، لانیکەم ٩٧٢ منداڵ بریندار بوون و گیانیان لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

یونیسێف له‌بارەی شه‌ڕی نێوان ڕووسیا و ئۆكراینا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لانیكه‌م ٩٧٢ منداڵ برینداربوون و گیانیان له‌ده‌ستداوه، خستیەڕوو کە ڕۆژانە زیاتر له ٥ منداڵ بریندار ده‌بن یان ده‌كوژرێن.

 

کاترین ڕوسیل، بەڕێوەبەری یونیسێف، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان توانیویەتی ئەو ژمارانە پشتڕاست بکاتەوە، وتیشی: ژمارە ڕاستەقینەکان زۆر زیاتر دەبن، بەکارهێنانی چەکی تەقینەوە زیانی زۆری داوە کە زۆربەیان منداڵن، ئەم چەکانە جیاکاری ناکەن، لەنێوان خەڵکی مەدەنی و چەکداردا، بەتایبەتی کاتێک لە ناوچەی نیشتەجێبووندا بەکاردەهێنرێن، بڕیاری بێباکانە لەلایەن گەورەکانەوە منداڵان دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە، جەنگەکە سیستمی پەروەردەی ئۆکراینای وێران کردووە و قوتابخانەکان کراونەتە ئامانج، هەموو منداڵان دەبێت بچنە قوتابخانە بۆ خوێندن، بۆ ئەوەش پێویستە ئاگربەست پێکبێت و ژیانی منداڵان بپارێزرێت، منداڵانی ئۆکراینا بەپەلە پێویستیان بە سەلامەتی، سەقامگیری، دەستڕاگەیشتن بە پەروەردەی سەلامەت، خزمەتگوزارییەکانی پاراستنی منداڵان و پشتیوانی دەروونی هەیە".