دەستپێشخەری نون بۆ ئازادی ئۆجالان دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند

دەستپێشخەری نون بۆ ئازادی ئۆجالان، دەستپێشخەرییەکی فێمێنیستی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقایە بۆ داکۆکیکردن لە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، دامەزراندنی خۆیان ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، دەستپێشخەری نون بۆ ئازادی ئۆجالان، کە پێکدێت لە دەستەیەکی ژنانی چالاکوان، سیاسەتمەدار و کەسایەتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، بەیاننامەیەکیان بۆ ڕایگشتی خوێندەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوەدا، "شۆڕشی ئێمە شۆڕشی ژنانە، جوانترین ژن ئەو ژنەیە کە ئازادانەتر دەژی، من نابمە هاووڵاتی وڵاتێک کە ژن تێیدا دەکوژرێت".

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: وەک ژنانی چالاکوان بۆ داکۆکیکردن لە ڕیبەر عەبدوڵا ئۆجالان، کە بە قەڵەم و هزری داکۆکی لە ژنان دەکات و ماوەی ٢٣ ساڵە بە هەڕەمەکیانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیاوە دەستگیرکراوە و بە ناهەق گۆشەگیری توندی لەسەر بەڕێودەبرێت، بە دەستی ژنانی لوبنانی، فەلەستینی، عێراقی، سوری، لیبیایی، یەمەنی، میسری و سودانی، یەکەم هێڵی دەستپێشخەرییەکەمان کێشا کە ئەمڕۆ لە پای ڕووناکی هەموو هەوڵەکان خۆی ڕادەگەیەنێت، دەستپێشخەریی نون بۆ ئازادیی ئۆجالان، دەستپێشخەرییەکی فێمینیستییە کە لەلایەن کۆمەڵێک چالاکوانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقاوە پێکهاتووە.

 

دەستپێشخەرییەکە تۆوێکە لە هەناوی ئەمرۆدا

لە درێژەی بەیاننامەکەدا، دەستپێشخەری نون بۆ ئازادی ئۆجالان، ئاماژە بەوەدەدات کە ئامانجیان ناساندن و بڵاوکردنەوەی زیاتری هزری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و خستەڕووی خەباتی بێوچانی ئەو ڕێبەرەیە لەپێناو ئازادی گەلانی چەوساوە، "دەمانەوێت لە ڕێگەی دەستپێشخەرییەکەوە تیشک بخەینەسەر ئەو هزرە مرۆڤایەتییەی کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە زەوتکراوە، بەڵام هزری ڕێبەر ئۆجالان بووە پردی ڕووناکی و گەشتە هەموو ئەو کەسانەی باوەڕییان بە مرۆڤایەتی هەیە، هەروەها دەستپێشخەرییەکە دەبێتە تۆوێک و لە هەناوی ئەمڕۆدا نێژرابێت، بۆ بەدەستهێنانی هەموو ماف و داوا یاسایی، سیاسی و میدیاییەکان و شکاندنی کۆتەکانی دەستبەسەرکردن و ڕەتکردنەوەی کاری نامرۆڤانە و نایاساییەکانی ڕژێمی تورکیا و ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکان".

 

لە کۆتایدا دەستپێشخەری نون بۆ ئازادی ئۆجالان لە سۆنگەی باوەڕییان بەوەی کە ماف دەسەندرێت و نادرێت، لەسەر بنەمای شۆڕشی ژن لە لوبنانەوە ڕایانگەیاند، "سڵاو لە هەموو گەلە یاخی و چەوساوەکان، لەو گەلانەی لەپێناو سەلماندنی هەبوونی خۆیان تێدەکۆشن، لێرەوە دەستمان بۆ هەموو ڕێکخراو و کۆمەڵەی ژنان و کەسایەتییەکان درێژ دەکەین تا پێکەوە قەڵغانێک پێکبهێنین دژی هەموو نادادپەروەرییەک و دەستگیرکردنی بیرمەندی نەتەوەیی عەبدوڵا ئۆجالان".