سلێمانی، تۆمەتباری هەراسانکردنی ژنێکی گەنج دەستگیرکرا

پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبارێکی دەستگیرکرد کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لە ژنێکی گەنج کردبوو.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی هەواری شار تۆمەتبارێكیان دەستگیر كردووە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوی لە ژنێکی گەنج كردبوو.

 

لە ڕاگەیاندراوێکدا پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا کە دوای ئەوەی ژنێکی گەنج لە بنکەی پۆلیسی هەواری شار سکاڵای لەسەر کەسێک کردووە کە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوی لێكراوە، دوای لێکۆڵینەوەکان پۆلیس تۆمەتبار "ر، ك، ع" تەمەن ٢٠ ساڵی دەستگیر کردووە و دەستیش گیراوە بەسەر ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەدا كە تۆمەتبار وەك هەرەشە بەكاریهێناوە .

 

جێی بەبیرهێنانەوەیە، ١٣ی ئایار لە شاری هەولێر تۆمەتبارێک دەستگیرکرا کە بەردەوام هەڕەشەی لە ژنێکی گەنجی خوێندکاری پەیمانگا بە ناوی "ئاریان محەمەد" کردبوو، بەو هۆیەوە دوای دیارنەمانی لە ٢١ی نیسانی ئەمساڵدا تەرمی ئاریان محەمەد دۆزرایەوە کە لە بینایەکی تەواونەکراودا لەسەر ڕێگای کەرکوک، خۆی هەڵدابووە خوارەوە.