ڕۆژان حەمەڕەش: هەمواری یاسای هەڵبژاردن ڕێگری لە ساختەکاری دەکات

هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن قسە و باسی لەسەرە چونکە بڕیارە ١ی تشرینی یەکەم، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت و پەرلەمانتارانیش دەڵێن حزبێکی دەسەڵات سازان ناکات.

 

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژان حەمەڕەش، پەرلەمانتاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە لە کاتێکدا بڕیارە ١ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، دەڵێت: هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە ئێستادا پێویستتر بووە، تا ڕێگری بکرێت لە ساختەکاری و  زۆرینەیەکی پەرلەمانی بێسود، کە تەنها کاری دروستکردنی قەیران و سەپاندنی ئیرادەیەکی تاکڕەوی بووە و لە بارگرانی زیاتر دەستکەوتێکی بۆ میللەت نەبووە و هیچ کات لەپێناو بەرژەوەندی گەلی کوردستاندا بەکارنەهاتووە.

 

ئەو پەرلەمانتارە بە تەنزەوە دەربارەی ئەو لایەنە سیاسییەی پەرلەمان کە لەگەڵ هەمواری یاسای هەڵبژاردندا نییە، دەنووسێت، "با ناحەقییان بەرامبەر نەکەین و مافی خۆیان پێ بدرێت چونکە زۆرینەکەیان خستۆتە خزمەت خۆشگوزەرانی خەڵک و حوکمێکی ڕەشید و سازانی نیشتیمانییەوە، دەستپێشخەر بوون و پێشنیازە یاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردنیان ئامادەکردووە و داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەن بە سازان ئەم پرسە گرنگە ببەنە ناو هۆڵی پەرلەمانەوە کە هەرێمی کوردستان بکەن بە چوار بازنەی هەڵبژاردن و باڵانسی کورسییەکانی پەرلەمان بەپێی ژمارەی دانیشتووان بگەڕێننەوە بۆ سەرجەم پارێزگاکان ".

 

لە کۆتایشدا ڕۆژان حەمەڕەشید دەڵێت: "لام سەیرە ئەو لایەنەی کە زۆرینەیە تا ئێستا لە مانای سازان نەگەیشتووە و هیچ پرۆژە و پێشنیازێکیشی بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن نیە، پەنجەی هەڕەشەش رادەوەشێنێت و دەڵێت ئێمە داوای سازانمان کردووە و ئێوەش سازانتان شکاندووە ".

 

جێی ئاماژەیە کە ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران پرۆژەیاسایەکیان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردووە، دوێنێش پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەنەکە، شیرین یونس لەسەر هەمان بابەتی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بە میدیای فەرمی حزبەکەی وتووە، "پارتی ئامادەیە لە پێناو بەرژوەندییە حزبییەكانی خۆیدا تەواوی هەرێمی كوردستان بفرۆشێت و دژی یەكریزیی و سازانی نیشتیمانیی بووەستێتەوە".

 

ت.پ