دادگایکردنی ٦ ڕۆژنامەنووس دەستیپێکرد: ئێمە نا هێزە ئەمنییەکان تاوانبارن

٦ ڕۆژنامەنووسی ژن دادگایی کردنیان دەستیپێکردو ئاماژەیان بەوەکرد، پشتیوانی لە ڕۆژنامەنووسانی کورد بە تاوان دادەنرێت و وتیان: ئێمە نا هێزە ئەمنییەکان تاوانبارن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژنامەنووسان سەرپیل یونال، یەدیگار ئایگون، ینار گەیپ، ئەیلەم نازلیەر، زەینەپ کورای و ئیسرا سۆیبیر لە ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٣ بەهۆی ناڕەزایەتیدان بە ئۆپەراسیۆنی دژ بە کرێکارانی چاپەمەنی ئازاد لە ئامەد، لەلایەن پۆلیسەوە ئەشکەنجەدران و دەستگیرکران، یەکەم دانیشتنی دادگا لە دادگای تاوانی ئەنادۆڵ بەڕێوەچوو، ڕۆژنامەنووسان تۆمەتبارکراون بە "بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکان و خۆپیشاندانەکان بە نایاسایی و سەرەڕای ئاگادارکردنەوەکان بڵاونەبوونەوە" جگە لە ڕۆژنامەنووس ئیسرا سۆیبیر، هەموو ڕۆژنامەنووسان بەشداربوون لە کەیسەکەدا، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا بەشدارییان لە دانیشتنەکەدا کرد.

 

پنار گەیپ: هۆکاری قەدەغەکردنەکان پشتگیریی ڕۆژنامەنووسانی کوردە

پنار گەیپ، سەرنووسەری ئاژانسی هەواڵی ئەتکینە "ETHA بەرگری لە خۆی کردو ئاماژەی بەوەکرد، ڕۆژێک پێش ڕووداوەکە لەگەڵ سەرۆکی پۆلیس کۆبووەتەوە و پێی وتراوە هیچ بڕیارێکی قەدەغەکردن نەبووە، لە شوێنی چالاکییەکە زانیان کە قەدەغەکردن هەیە و ڕێگرییان لێکراوە پۆلیس توندوتیژی دژیان ئەنجامداوە و وتی: هۆکاری قەدەغەکردنەکە پشتگیری ئێمە بوو بۆ ڕۆژنامەنووسانی کورد، لەبەر ئەوەی میدیا ناوەندییەکان هاوڕێ ڕۆژنامەنووسەکانمانیان بە "تیرۆریست" ڕاگەیاند.

 

زەینەب کورای: پشتگیری هاوپیشەکانمان دەکەین

هەروەها ڕۆژنامەنووس زەینەپ کورای ئاماژەی بەوەکرد، پۆلیس بە مەبەست ڕێگری لێکردوون و دەستگیری کردوون، وتی: لەکاتێکدا پشتیوانیکردنی هاوپیشەکانمان تاوان نییە و من لەوێ بووم بۆ ئەوەی خاوەنداری لە هاوکارەکانم بکەم، ئەم قەدەغەکردنانە قبوڵ ناکەم، پشتیوانی لە میدیای کوردی بە تاوان دادەنرێت، واز لەو پشتیوانییە ناهینم، ئەگەر لێرە تاوانێک هەبێت، ئەوا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەنجام دراوە.

 

ڕۆژنامەنووسانی دیکە لە بەرگریکردن لە خۆیان ڕایانگەیاند، ڕووبەڕووی توندوتیژی و ئەشکەنجە بوونەتەوە، میدیای کوردی کراوەتە ئامانج. ڕۆژنامەوانان بەڵام تا کۆتایی خاوەنداری لە میدیای کوردی دەکەن.

 

هەروەها پارێزەرەکان داوای ئازادکردنی ڕۆژنامەنووسانیان کردو داوایان کرد گرتە ڤیدیۆییەکانی دەستگیرکردن و بڕیاری قەدەغەکردنی پارێزگای کادیکۆی زیاد بکرێت بۆ دۆسیەکە، ئەنجومەنی دادوەری داواکارییەکانی پارێزەرەکانی پەسەند کرد و دانیشتنەکەیان بۆ ١٦ی نیسان دواخست.