سەربازانی ئیسرائیل ئاحید تەمیمیان دەستگیرکرد

سەربازە ئیسرائیلییەکان لە هێرشێکدا بۆ سەر ماڵەکانی شاری ڕامولای کەناری ڕۆژئاوا ئاحید تەمیمییان دەستگیرکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

نەریمان تەمیمی ئاماژەی بەوەکرد، هێزەکانی ئیسرائیل هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان لە شارۆچکەی نەبی ساڵح لە ڕامەڵا و کچەکەی بە ناوی ئاحید تەمیمیان بردووە، وتیشی: لە کاتی هێرشەکەدا سەربازە ئیسرائیلییەکان زیانی بە ماڵەکەیان گەیاندووەو دەستیان بەسەر مۆبایلەکانیاندا گرتووە.

 

هەروەها باوکی ئاحید تەمیمی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە دەستگیرکرا.

 

لە تەمەنی ١١ ساڵیدا لە دژی سەربازێکی ئیسرائیلی وەستایەوە

ئاحید  تەمیمی، لە ساڵی ٢٠١١ کە تەمەنی ١١ ساڵان بوو، لەکاتی وەستانەوە و یاخیبوونی دژی سوپای ئیسرائیل و بڵاوبوونەوەی وێنەکەی بە ناوی "کچێکی فەڵەستینی بوێر" سەرنجی هەمووانی ڕاکێشا، وەک چالاکوانێکی مافەکانی مرۆڤ تا ئێستا بەردەوامە، لە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە دەستگیرکرا و بۆ ماوەی ٨ مانگ زیندانی کرا، لە سێ هێرشی جیادا لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە بە گولـلە بریندار بووە، براوەی خەڵاتی بوێری هانزالەیە.

 

لە ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠٢١ دا، ئاحید تەمیمی تیشکی خستەسەر ئازاری ژنانی فەڵەستینی لە وڵاتە داگیرکراو و گەمارۆدراوەکانی ئیسرائیلدا کە تەنها بۆ ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ نییەو وتی: ژنانی فەڵەستینی بەهۆی داگیرکاری دەیان ساڵەی ئیسرائیلەوە ئازارێکی زۆریان بەرکەوتووە.،جیهانیش بە پێی پێویست پشتیوانی ناکات.