پارێزەر جەنەت زوگورلی: ئەشکەنجە بە ئاشکرا ئەنجام دەدرێت

جەنەت زوگورلی، پارێزەر لە ئۆهەدە ڕایگەیاند بەهۆی سیاسەتی سزانەدان ئەشکەنجە بە ئاشکرا ئەنجام دەدرێت و لێکۆڵینەوە لە ئەشکەنجەدراوان دەستیپێکردووە بە تۆمەتی "تاوان لە دژی پۆلیس".

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- لقی ئامەدی کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی "ئۆهەدە" ڕاپۆرتێکی لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ماوەی ٧ مانگی ڕابردوودا لە ئامەد بڵاوکردەوە، دەریخستووە کە ٦٦٧ کەس ئەشکەنجە دراون و خراپ مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، هەروەها تاوانباران بەبێ سزا جێهێڵدراون، هەروەها ئەو شوێنانەی زۆرترین ئەشکەنجەیان تێدا ئەنجام دراوە زیندان و شەقامەکانن.

 

"٢٤ دۆسیەی بێ ئەنجام"

جەنەت زوگورلی، ئەندامی کۆمسیۆنی ئەشکەنجەدانی لقی ئامەدی کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی "ئۆهەدە" هەڵسەنگاندنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی لە شارەکەدا کردو ڕایگەیاند ئەو ٢٤ دۆسیەی پێشێلکارییەی کە لە ڕاپۆرتەکەدا هەیە لە ئەنجامی "بەدوادانەچوون" بێئەنجام بوون و تەنها یەک حاڵەت بە "برینداری سووک" لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە.

 

"ئێستا ئەشکەنجە بە ئاشکرا ئەنجام دەدرێت"

جەنەت زوگورلی ئاماژەی بەوەدا لە دۆسیەکانی ئەشکەنجەداندا کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەنجامدراوە، لێکۆڵینەوە لە ئەشکەنجەدراوان دەستیپێکردووە بە تۆمەتی "تاوان لەدژی پۆلیس"، هەروەها هۆکاری زیادبوونی پێشێلکارییەکان سیاسەتی سزانەدانە، هێزە ئەمنییەکان هێزیان پێدراوەو وتی: بەو بوێرییەوە ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ لە دژی ئەو هاوڵاتیانە دەکەن کە مافە بنەڕەتییەکانیان پێشێل کراوە، هێزە ئەمنییەکان لە ژێر پاراستنی حکومەتی سیاسییدان، لەگەڵ ئەم پرۆسەیەدا، کردارەکانی ئەشکەنجە چیتر بە نهێنی ئەنجام نادرێن، بەڵکو بە ئاشکرا دەکرێن، لەگەڵ ئەم سیاسەتانەی ئەشکەنجەدان، ئامانجی سەرەکییان سەرکوتکردنی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنە.

 

"ئەشکەنجەدراوان سزا دەدرێن"

جەنەت زوگورلی ڕایگەیاند هیچ لێکۆڵینەوەیەکی کاریگەر لەسەر کەیسەکانی ئەشکەنجەدان نەکراوە بەڵکو ئەشکەنجەدراوان دادگایی دەکرێن وتیشی: زۆربەی لێکۆڵینەوەکان لە ئەنجامی نەبوونی بەدواداچوون وەستاون، ئەو توندوتیژییانەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەنجامدراون بە "گونجاو" بوون تۆمار دەکرێت، هەروەها بەداخەوە دوای سکاڵای ئەشکەنجەدراوان، لێکۆڵینەوەیەک دەستپێدەکات لەسەریان، لە ئەنجامی ئەم پرۆسەیەدا، هاوڵاتی ئەشکەنجەدراو سزا دەدرێت و هێزی ئاسایشی تاوانکار بەبێ سزا جێدەهێڵرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەجیاتی ئەوەی تاوانباران سزا بدرێن، پاداشتی ئەو تاوانانەی ئەنجامیان داوە زیاد دەکات، لێرەدا دەبێت دەسەڵاتی دادوەری ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، زیادبوونی حاڵەتەکانی ئەشکەنجەدان پەیوەندی بە پڕۆسەی سیاسییەوە هەیە ئەم ڕووداوانەی ئەشکەنجەدان ئەنجامی جیابوونەوەی تورکیایە لە سەروەری یاسا.

 

"ئەشکەنجە تاوانە"

جەنەت زوگورلی لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند سیاسەتی سزادان، کە لەسەر بنەمای بڕیارەکانی چاودێری نەکردنی دادوەرییە لە تورکیا دراوە، دژی یاسای ناوخۆیی و یاسای نێودەوڵەتییەو وتی: ئەشکەنجە تاوانێکە کە لە یاسای ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا قەدەغەیە، هەرچەندە یاسای نەتەوەیی و نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکات کە لە هەندێک حاڵەتدا مافی ژیان کراوەیە بۆ دەستێوەردان، بەڵام ئەم جۆرە جیاکارییە لە ئەشکەنجەدا پێشبینی نەکراوە، بڕیارەکەی دادگا کاتێک هێزەکانی ئاسایشی دەوڵەت ئەشکەنجە ئەنجام دەدەن هیچ بەدواداچوونی بۆ ناکرێت یان تۆمەتێکی کەمتر لە تاوانی ئەشکەنجەی بۆ ئامادە دەکرێت، ئەمەش دژی پەیماننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپایە.