گفتوگۆ لەبارەی مەترسی تیرۆر لە باشوری کوردستان و عێراق دەکرێت

کۆڕبەندی ئاسۆی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزمی داعش بە پانێڵی دووەم بەردەوامی بە گفتوگۆکانی دەدات و ئاماژە بەوەدەکات کە مەترسییەکانی تیرۆری داعش لەسەر باشوری کوردستان و عێراقیش هەیە و پێویستە یەکێتی نەتەوەیی پێکبێت.

سلێمانی

 

کۆڕبەندی ئاسۆی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزمی داعش لە هۆڵی ئوتێل داوا لە شاری سلێمانی بەردەوامە و پانێڵی دووەم لەبارەی مەترسی داعش لە باشوری کوردستان و عێراق، لەلایەن نەوزاد ساڵح بەڕێوەبرا.

 

لە پانێڵی دووەمدا، د. نیکۆڵا ئەشرەف شاڵی، مامۆستای زانکۆ، وتارێکی لەبارەی "گرنگی یەکێتی نەتەوەیی لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش" پێشکەشکرد و باسی لەوەکرد، لە ئێستادا یەکێتی نەتەوەیی بۆ دروستکردنی وتارێکی نەتەوەیی و بەرەیەکی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش گرنگە، پێویستە بە چاوی جیاوازی لە هەرێمی کوردستان، خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا و پارچەکانی دیکە نەکەین.

 

"کێشەی ئێمە دروستکردنی جیاوازییە، لە باشوری کوردستان حزبێک دان بە خۆسەری ڕۆژئاوادا دەکات و لایەنێکی دیکە نایکات، ئەمەش زیانی گەورە لە یەکێتی نەتەوە دەدات" ئەو مامۆستایە وتیشی، داعش لەناو زیندان و دەرەی زیندانیش خۆی بە ڕێكخستن دەکات، "ئەوەی لە زیندانی غوێران ڕوویدا لە ئەنجامی خۆڕێکخستنەوەی دەرەوەی زیندانەکانەوە ڕوویدا،  بۆیە پێویستە ڕێگەی پاراستنی باشتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش دابرێت و دادگاییکردنی زیندانیانی داعش بەڕێوەبچێت.

 

وتیشی پێویستە کورد خاوەن یەک ستراتیژ و تێڕوانینی نەتەوەیی بێت دژ بە فکری تیرۆریزمی داعش و هێزە تیرۆریستییەکان، "ئەوەی ئێستا هەیە و پەرتەوازەیی و نایەکێتی نەتەوەیی مەترسی گەورەی هەیە لەسەر گەلی کورد هەیە، ئەگەر بێتوو باشور و ڕۆژئاوای کوردستان پاڵپشتی یەکتر نەکەن لەڕووی ئیستخاراتییەوە مەترسی گەورەتر لەسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان دروستدەکات.

 

ئەسعەد عەبادی، چالاکوان و چاودێری سیاسی عێراقی لە شاری بەغدادەوە یەکێكی دیکەیە لە بەشداربووانی پانێڵەکە، لەبارەی مەترسی تیرۆر لەسەر عێراق و چارەنووسی داعشە گیراوە عێراقییەکان لە زیندانەکانی ڕؤژئاوادا وتارێکی پێشکەشکرد.

 

ئەسعەد عەبادی دەربارەی زیانەکانی بەر عێراق کەوتووە لە ئەنجامی شەڕی دژ بە تیرۆری داعش زانیاری خستەڕوو کە ملیاران دۆلار زیان بەر کەرتی تەندروستی، کارەبا، پەروەردە و ژیانی کۆمەڵایەتی کەوتووە و بەپێی ڕاپۆرتێک زیاتر لە ٨٨ ملیار دۆلار بۆ ئاوەدان و بنیادنانەوەی عێراق پێویستە، "دوای ئازادکردنەوەی عێراق لە دەست داعش، سەرژمێری ورد لەبەردەستدا نییە دەربارەی قوربانیان، بەڵام بەپێی راپۆرتێكی نێودەوڵەتی ساڵی ٢٠١٧، زیاتر لە ١٨ هەزار بریندار و کوژراو هەبووە".

 

فەریدە سەعدۆ خەلەف، بەپرسی کۆمەڵەی پشتیوانی ژنانی ئێزدی لە پانێڵی دووەمدا لەبارەی جینۆسایدی داعش بەرامبەر بە ئێزدییەکان و مەترسی دووبارەبوونەوەی لە ناوچە جیاجیاکان وتارێکی پێشکەشکرد، فەریدە باسی لەوەکرد زیاتر لە ٥ هەزار ژنی شەنگالی کەوتنە دەستی داعش و تا بە هەزاران ژن ماون کە ڕزگار نەکراون، بۆیە بە پێویستی دەزانێت کە گەلی شەنگال و گەلی کورد زیاتر خۆیان بەڕێکخستن بکەن تا کۆمەڵکوژییەکی دیکە دووبارە نەبێتەوە.

 

"داعش تا ئێستا کۆتایی نەهاتووە، ئەوان لە هەر کاتێکدا بێت خۆیان بەڕێکخستن دەکەنەوە، شەنگال مەترسی گەورەی لەسەرە چونکە سنوری نێوان ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان و عێراقە و لە هەرکاتێکدا بێت دەکرێت هێرشی بکرێتە سەر، بەڵام ئەو هێز و ئیرادەیەی لە ساڵی ٢٠١٤دا گەل پێکیهێنا و خۆی بەڕێکخستن کرد تا ئێستا بەردەوامە و جارێکی دیکە شەنگال و شەنگالییەکان ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژییەکی وەک داعش نابنەوە و پاراستنی جەوهەری و بەرگری ڕەوا لە خۆیان دەکەن.

 

کۆڕبەندی ئاسۆی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە شاری سلێمانی بەردەوامە و پانێڵی دووەم بە گفتوگۆ دەربارەی مەترسی داعش و دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم بەردەوامە.

 

ت.پ