"ساکینە جانسز کۆمەڵگەی هۆشیار دەکردەوە بۆیە شەهید کرا"
لە دەیەمین ساڵیادی شەهیدکردنی ساکینە خانسز و هاوڕێکانی لە کەرکوک سیمینارێک ڕێکخرا و باس لە خەبات و شۆڕشی ئەو سێ ژنە شۆڕشگێڕە کرا.
کەرکوک
دوێنی، ١٤ی کانوونی دووەم، لە شاری کەرکوک ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک بەبۆنەی دەیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی پاریسی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ و شەهیدکردنی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز سیمینارێکیان ڕێکخست.
سیمینارەکە بە دەقەیەک ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەردوو کۆمەڵکوژیەکەی پاریس دەستیپێکرد و سینەفزیۆنێک لەسەر ژیانی ساکینە جانسز پێشکەشکرا.
ڕوناک مەجید، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، سیمینارەکەی پێشکەشکرد و باسی لە ژیان و خەباتی شەهید ساکینە جانسز کرد، "شەهید ساکینە لە ساڵی ١٩٧٠ بەشداری بزوتنەوەی ئازادی دەکات و بۆ یەکەمجار لەگەڵ ژنێکی دیکەدا بەشداری یەکەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەن، دواتر لە ساڵانی هەشتاکان دەستگیر دەکرێت و ماوەی ١٠ ساڵ لە زیندانی ئامەددا دەمێنێتەوە، لەو ماوەیەشدا بە هەموو جۆرێک ئەشکەنجە دەدرێت لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە".
هەروەها باسی لەوەشکرد کە بە ئامانجکردنی شەهید ساکینە و هاوڕێکانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەمیشە خەباتیان دەکرد بۆ ئەوەی ژنان هۆشیار ببنەوە و دوژمنیش لە تاکی هۆشیار دەترسێت، شەهید ساکینە هەمیشە دەیوت دەبێت سەرەتا شەڕ لەگەڵ خۆتدا بکەیت، ئینجا شەڕ لەگەڵ سیستەمدا دەکەیت، ژنان لە هەموو ڕوویەکەوە پێشەنگایەتی دەکەن بۆیە دەکرێن بە ئامانج.
"ژنی کورد هەمیشە پێشەنگ بووە"
بێخاڵ فەوزی ساڵح، ئەندامی دەستەی باڵای ژنانی زەحمەتکێشان لە کەرکوک باسی لەوەکرد، کە جێگەی داخە سێ ژنی بەتوانا بە پلانێک کۆمەڵکوژکران لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، ئەوان کورد بوون و ژنی کوردیش هەمیشە پێشەنگ بووە، بۆیە دوژمنانی کورد پێشەنگەکان دەکاتە ئامانج و دەیەوێت زمان و کولتوورمان لەناوببات، شەهید کردنی ئەم سێ ژنە شۆڕشگێرە کاریگەری هەبووە لەسەر هەموو کورد، بەڵام ئێمەی ژنان بەردەوام دەبین لە خەبات و تێکۆشانەکەی ساکینە جانسز و هاوڕێکانی.
"ژنان دەبیت یەک بگرن و خەبات بکەن"
نەسرین ڕەحمەت وتی: من داوا لە هەموو ژنان دەکەم کە وەکو شەهید ساکینە جانسز چاونەترس بن و شۆڕش بکەن، گوێ بە قسەی کەس نەدەن و نەوەستن لە تێکۆشان، پێویستە ژنان یەکبگرن و بەشداری لە ڕێکخراو و کۆبوونەوەکان بکەن، ژنان دەبێت بێنە دەنگ لەسەر ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە بەرامبەر بە کورد دەکرێت لە وڵاتانی دەرەوە.