هه‌شته‌مین پێشانگای ئاڵوگۆڕ و به‌خشینی كتێب لە هەڵەبجە به‌ڕێوه‌چوو

ئەمڕۆ هەشتەمین پێشەنگای ئاڵوگۆڕ و بەخشینی کتێب لە شاری هەڵەبجە بەڕێوەچوو، کە تیایدا ١٠ ناوه‌ند و ده‌زگا و ڕێكخراو به‌شدارن.

هەڵەبجە

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری هەڵەبجە هەشتەمین پێشانگای ئاڵوگۆڕ و به‌خشینی كتێب بە سەرپەرشتی سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان-ئۆفیسی هەڵەبجە، ڕێکخراوی تواناسازی ئافرەتان، ڕێکخراوی شاڕی و ڕێکخراوی دۆستانی هەڵەبجە، ڕێکخراوی گوڵستان، گروپی دۆستانی کتێب، کتێبخانەی باران، دامەزراوەی کەریمی عەلەکە، گروپی کتێب ناسی و کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە بەڕێوەچوو.

 

شه‌یدا موعتەسەم، یەکێک لە ڕێکخەرانی پێشانگای ئاڵوگۆڕ و به‌خشینی كتێب وتی: ئەمڕۆ ‌هه‌شته‌مین پێشانگای ئاڵوگۆڕی كتێب دەستی پێکرد، ١٠ ناوه‌ند و ده‌زگا و ڕێكخراو به‌شدارن و سه‌دان كتێب كه‌ لە ناوه‌نده‌كاندا هه‌ن، به‌ چه‌ندین ناونیشانی جیاواز دەبەخشرێن و ئاڵوگۆڕیان پێدەکرێت، چونكه‌ كتێب ڕۆڵ و واتا بە ژیان دەدات، پێشەنگاکە ئامانجی ئەوەیە بتوانین گۆشه‌یه‌ك له ‌مه‌عریفه‌ی ئه‌م شاره‌ پڕ بكه‌ینه‌وه ‌و هێنانه‌ ده‌ره‌وه‌ی كتێبه‌ زیندانی كراوه‌كانی ناو كتێبخانەکانە.

 

 ئه‌م ڕێكخه‌ره‌ باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ له‌م پێشانگایه‌دا کتێبەکان بە پارە نین، به‌ڵكو ئاڵوگۆڕیان پێوە دەکرێت و دەبەخشرێن له ‌نێوان خوێنه‌راندا و پێشانگاكه‌ له‌ کاتژمێر ٨ی بەیانی کراوەتەوە و تا درەنگانی ئێواره‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

 

له‌ پێشانگاكه‌دا خوێنه‌رێكی زۆر سه‌ردانیان كرد، سۆزان فه‌ره‌ج، خوێنه‌ر، وتی: ئه‌مڕۆ به‌شدار بووم له‌ به‌خشین و ئاڵوگۆری كتێب، ئەمە چالاكییه‌كی ناوازه‌یه ‌و وه‌كو خوێنه‌رێك ئه‌م چالاكییه‌ قورسایی خۆی هه‌یه لەلام،  ئه‌ویش ‌گەڕانه‌وه‌یه‌ بۆ زیاتر خوێندنه‌وه ‌و دووركه‌وتنمه‌وه‌ له‌ تۆڕی کۆمەڵایەتی، كه‌ وه‌ك نه‌خۆشی لێهاتو‌وە.