نێرگس محەمەدی بۆ جاری چوارەم دادگایی دەکرێت

نێرگس محەمەدی، چالاکوان و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بەبیانووی ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانی بە دەستدرێژیکار بۆ سەر ژنان تۆمەتبار کردووە، بۆ جاری چوارەم دادگایی دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

نێرگس محەمەدی، چالاکوانی ژنان و مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، یەکێک بوو لەو کەسانەی کە بەشداربوو لە ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی"، ئێستا لە زیندانی ئەڤین زیندانی کراوە، لە پەیامێکی بڵاوکراوەدا ڕایگەیاند ڕووبەڕووی کەیسێکی دیکە بووەتەوەو بۆ جاری چوارەم دادگایی دەکرێت چونکە هێزە ئەمنییەکانی تۆمەتباریان کردووە بە دەستدرێژیکردنە سەر ژنان.

 

بەپێی ئەو پەیامەی بڵاوکراوەتەوە، کەیسە نوێیەکە کراوەتەوە سەبارەت بە بڵاوکراوەیەکی دەنگی کە نێرگس محەمەدی تێیدا "جەنگی گەورەی ڕژێمی ئێران دژی ژنان" شەرمەزار دەکات.

 

نێرگس محەمەدی ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی باسکردنی هێرشەکەی سەر ڕۆژنامەنووس دینا غەلایبەف کە برین لەسەر جەستەی هەبوو دوای توندوتیژی و دەستدرێژی زایەندی، دادگایی دەکرێت.

 

نێرگس محەمەدی چالاکوانی تەمەن ٥٢ ساڵ داوای دادگاییکردنی کراوەی کردووە بە بەشداری ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ و پارێزەرانی مافەکانی ژنان.

 

مستەفا نیلی، پارێزەرەکەی نێرگس محەمەدی هەروەها ڕایگەیاند، دانیشتنی دادگا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر تۆمەتی نوێ بە "بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی" بەڕێوەدەچێت.