یونیسێف: سەدان هەزار منداڵ لە ڕەفەح بەدەست کێشەی تەندروستییەوە دەناڵێنن

بەهۆی بەردەوامی شەڕ لە کەرتی غەززە، یونیسێف هۆشداری دا لە کاردانەوەکانی لەسەر سەدان منداڵ لە ڕەفەح.

ناوەندی هەواڵ

 

شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بەردەوامە و لە ئەنجامدا دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و سەدان هەزار کەسیش ئاوارەبوون.

 

ئەمڕۆ، سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان 'یونیسێف' پشتڕاستیکردەوە کە هیچ شوێنێکی سەلامەت نییە بۆ ئەوەی ٦٠٠ هەزار منداڵ بچنە شاری ڕەفەح، ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو منداڵانی غەززە پێویستیان بە خزمەتگوزاری پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتی هەیە، ڕوونیشیکردەوە، سەدان هەزار منداڵ لە ڕەفەح بەدەست کێشەی تەندروستییەوە دەناڵێنن.

 

وەزارەتی تەندروستی لە غەززە ڕایگەیاند، ژمارەی گیان لەدەستدان لە ئەنجامی شەڕی کەرتی غەززە بۆ ٣٥ هەزار و ٣٤ کەس بەرزبووەتەوە، هەروەها ٧٨ هەزار و ٧٥٥ کەسی دیکەش برینداربوون، ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی ئیسرائیل ٨ کۆمەڵکوژییان لە دژی خێزانەکان ئەنجامداوە.