ڕانیە، سیمینارێک بە ناونیشانی "ژن لە نێوان داواکاریەکانی خود و کۆمەڵگەدا" بەڕێوەچوو

 لە ڕانیە سیمینارێک بۆ پزیشک، ڕوخسار محەمەد ڕێکخرا و باس لە توانا جەستەیی و ئەقڵییەکانی ژنان کرا، کە دەتوانن هەموو کارێک بکەن و توانای جەستەیی و هزرییان لە ڕەگەزی بەرامبەر زیاترە.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- دوێنێ لە لە هۆڵی چالاکییەکانی زانکۆی ڕاپەڕین لە شاری ڕانیە، لە چوارچێوەی چالاکییەکان بۆ ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان-ڕاپەڕین بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی ڕاپەڕین و ناوەندی وەرزش و لاوانی ڕانیە، سیمینارێکی بۆ ڕووخسار محەمەد عومەر بە ناونیشانی "ژن لە نێوان داواکارییەکانی خود و کۆمەڵگەدا" ڕێکخست.

 

شیلان سەعید، بەرپرسی ناوەندی وەرزش و لاوانی ڕاپەڕین، لە لێدوانێکیدا بۆ نوژنها پیرۆزبایی ٨ی ئاداری لە سەرجەم ژنانی جیهان کرد و وتی: لە ٨ی ئاداردا پەیامی من بۆ ژنان ئەوەیە، تەنها ئەم ڕۆژە نەکەینە ڕۆژی ژنان، بەڵکو هەموو ڕۆژێک بۆ ژنانە و سەربەرزییە، چونکە ژن هەم دایکە هەم مامۆستایەکی پەروەردەییە، هەم کارەکتەرێکی دەرەوەی ماڵەکەیەتی، بۆیە من هەموو ڕۆژێک بە ڕۆژی ژنان دەبینم.

 

فرمێسک ڕزگار، کارمەند لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە ڕاپەڕین، پیرۆزبایی ٨ی ئاداری لە ژنانی جیهان و بە تایبەت کوردستان کرد و وتی: ئەم ڕۆژە بە فەرمی ناسێنراوە و لە جیهانیشدا بە چالاکی جۆراوجۆر یاد دەکرێتەوە و خەباتی ژنان دژی هەر زوڵم و ستەم و نادادپەروەریەک بەردەوامە، بۆیە پێویستە ژنان زیاتر لە هەرێمی کوردستان گرنگیان پێ بدرێت، چونکە بارودۆخیان جیاوازترە، بە هۆی ئەو بارودۆخە خراپەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتووە، بۆیە زیاتر پێویستمان بە بەدواداچوون و هەڵوێستەکردنە.