"یارمەتی مرۆیی بەس نییە بۆ مانەوە"

بەڕێوەبەری هەماهەنگی لە نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردەوە کە لە هەر ٦ منداڵی خوار تەمەن دوو ساڵ یەکێکیان تووشی بەدخۆراکی و وشکەساڵی دەبێت و هەڕەشە لە ژیانیان دەکات.

 

ناوەندی هەواڵ

 

لە کاتێکدا شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس بۆ پێنجەم مانگی لەسەر یەک بەردەوامە، بارودۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە خراپتر دەبێت و بەرەو خراپی دەڕوات، ٢.٣ ملیۆن کەس پشت بە یارمەتی خۆراکی پێویست دەبەستن بۆ مانەوەیان، هەروەها ژمارەی گیان لەدەستدان لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بەرزبووەتەوە بۆ ٢٩ هەزارو ٨٧٨  کەس، ژمارەی بریندارانیش ٧٠ هەزارو ٢١٥ کەسن.

 

کاربەدەستێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی شوبات بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاند نزیکەی ٧٥٦ هەزار کەس هەنگاوێک لە برسێتی دوورن، کە دەکاتە چارەکێک لە دانیشتووان.

 

بەڕێوەبەری هەماهەنگی لە نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی "OCHA" وتی: لە هەر ٦ منداڵێکی خوار تەمەن دوو ساڵ یەکێکیان لە باکووری کەرتی غەززە تووشی بەدخۆراکی سەخت دەبێت و ئاماژەی بەوەش کرد کە هەموو دانیشتووانی ناوچەکە کە ٢.٣ ملیۆن کەسن پشت بە یارمەتییە خۆراکییەکان دەبەستن کە بەداخەوە بۆ مانەوەیان بەس نییە.

 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە ڕێکخراوەکانی فریاگوزاری ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبنەوە تەنها بۆ گەیاندنی کەمترین پێداویستی بۆ غەززە، لەوانە داخستنی دەروازەکان، سنووردارکردنی جوڵە و پەیوەندییەکان، ڕێگاوبانە زیانبەخشەکان و بۆردومانەکان.

 

بەهۆی وشکبوونەوە و بەدخۆراکی دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا

وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕایگەیاند دوو منداڵی ساوا بەهۆی وشکەساڵی و بەدخۆراکییەوە لە باکووری کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، ە وشکەساڵی و بەدخۆراکی هەڕەشە لە ژیانی هەزاران منداڵ و ژنی دووگیان دەکات.

 

وەزارەتەکە داوای لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کرد کە لێکۆڵینەوەیەکی پزیشکی گشتگیر لە پەناگەکاندا ئەنجام بدەن بۆ چاودێریکردن و چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی کە بەهۆی وشکبوونەوە و بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن و ڕێگری لە کارەساتی مرۆیی و ڕاگرتنی تاوانەکانی جینۆساید لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە بکەن، جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێت دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرکی  خۆیان جێبەجێ بکەن بۆ پاراستنی منداڵان و ژنان و دابینکردنی هەموو هۆکارێک بۆ ڕزگاربوون لەو برسێتییەی ڕووبەڕووی خەڵکی کەرتی غەززە دەبنەوە.