سزای بکوژی شنیار هونەر لە زیندانی تاهەتاییەوە گۆڕدرا بۆ سزای سێدارە
بکوژی شنیار هونەر، کە لە ١٩/٢٠ی شوباتی ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی سووتێنرا، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی هەرێمەوە بڕیاری لەسەردرا سزاکەی لە تاهەتاییەوە ببێت بە سێدارە و دادگای تاوانەکانی سلێمانیش پەسەندی بڕیارەکەی کرد.
سلێمانی
شەوی ٢٠/١٩ی شوباتی ٢٠٢٢، لە گەڕەكی كوردساتی شاری سلێمانی "شنیار هونەر"ی ٢١ ساڵ لەلایەن هاوژینەکەیەوە "هونەر ڕەشیدی ٢٤ ساڵ" سوتێندرا، شنیار دایکی دوو منداڵە و پاش پێنج ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ٢٣ی شوبات گیانی لەدەستدا.
لە هەمان شەوی تاوانەکەدا هونەر ڕەشید لهلایهن هێزهكانى پۆلیسهوه دهستگیر كرا و ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ دوای زیاتر لە ساڵێک، دادگای تاوانەكانی سلێمانی سزای زیندانیكردنی تاهەتایی بەسەر هاوژینی شنیاردا سهپاند، هەروەها ئەو ژنە بە ڕەگەز عەرەبەی لەسەر دۆسیەکە بەتۆمەتی هاندانی هاوژینەکەی شنیار بۆ سوتاندنی دەستگیرکرابوو ئازاد كرا، چونكە هیچ تاوانێكی لە دژ نەسەلمێندراوە.
لەو کاتەدا ئاودێر عەلی، پارێزەری کەیسی شنیار هونەر، ڕایگەیاند، کە بە بڕیارەکە ڕازی نابن و تەمیزی دەکەنەوە، چونکە دەبوو سزاکە توندتر بێت، بەپێی یاسا سوتاندن دەچێتە چوارچێوەی کوشتن بەشێوەیەکی "وەحشیانە" و سزاکەی دەبێت لەسێدارەدان بێت.
ئەمڕۆش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ئاودێر عەلی، پارێزەری کەیسی شنیار هونەر ڕایگەیاند، دوای بڕیاری تاهەتایی بەسەر بکوژی شنیار هونەردا، هەردوو لایەن تانەیان لە بڕیارەکە داوە و کەیسەکەیان ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم کردووە.
ئاودێر عەلی لەبارەی بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێم ئەوەی خستەڕوو، کە دادگا بڕیاری زیندانی تاهەتایی هەڵوەشاندووەتەوە و بڕیاریداوە سزاکە قورستر بکرێت، وتیشی: لە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێمدا هاتووە، کە ئەم تاوانە شایەنی سەپاندنی سزای زیاترە، واتە زیندانی تاهەتایی بۆ بکرێت بە سزای لە سێدارەدان، چونکە لە نێوان زیندانی هەتاهەتایی و سێدارەدان هیچ سزایەکی دیکە نییە.
بە پێی وتەی ئاودێر عەلی دادگای تاوانەکانی سلێمانی دانیشتنی بۆ بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێم کرد و بڕیاریدا سزای لە سێدارەدان بەسەر تاوانبار هونەر ڕەشیددا.