کۆنفرانسی ژن، ژیان، ئازادی دەبێتە یەکێتی گەلانی ژێر دەسەڵاتی ئێران

کۆنفرانسی ژن، ژیان، ئازادی بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار و بە بەشداری نزیکەی ١٠٠ ژنی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران و وڵاتانی دیکە بەڕێوەچوو، کۆتایی هات و بووە یەکێتییەک بۆ گەلانی ژێر دەسەڵاتی ئێران.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی ئەم مانگە لە ستۆکهۆلمی پایتەختی سوید کۆنفرانسی "ژن، ژیا، ئازادی" بە بەشداری نزیکەی ١٠٠ ژنی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران و وڵاتانی دیکە بەڕێوەچوو، ژنان گفتوگۆیان لەسەر سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی و لێکەوتەکانی بۆ ژنان و گەلانی ئێران و جیهان کردەوە.

 

"کۆنفرانسەکە دۆزەرەوەی ڕێگەچارەی دیموکراتیک بوو"

مریەم فەتحی، ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کەژار وتی: کۆنفرانسەکەمان بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات، ئەمە کۆنفرانسێکی ئازاد بوو کە دوو ڕۆژی خایاند، لە ماوەی دوو ڕۆژدا بە چەندین پانێڵ و تەوەری بەرفراوان و بەهێز لەگەڵ بەشداری فراوانی ژنان، وەک ژنانی بەلووچ، فارس، کورد و گیلاک و ژنانی گەلانی دیکەی ئێران و ژنانی نوێنەری پەرلەمانی ئەفغانستان بەڕێوەچوو، سەبارەت بە ڕێگەچارەسەری دیموکراتیک و پارادایمی دیموکراتیک ڕاوێژمان کرد، ئەم کۆنفرانسە کۆنفرانسێکی سەرکەوتوو بوو و دەستپێکێک بوو بۆ دروستکردنی تیمێک بە بەشداریی ڕێکخراوەکانی ژنان بۆ ئایندەی ئێران و ئەفغانستان بەتایبەتی لەسەر ئاستی ئێران.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەو ڕۆڵەی کژار وەک ڕێکخەری ئەم کۆنفرانسە بەخشی و بەدیلێکی پێشکەش کرد، زۆر کاریگەر بوو، چونکە ژنان دەیانەوێت زیاتر ئێمە بناسن و لەگەڵماندا کۆببنەوە و بە جۆش و خرۆشەوە لەگەڵمان کار بکەن.

 

"ژنان یەکگرتوو بوون"

شیڤا قەلوەزی، ڕۆژنامەنووس و سینەماکار لە کۆنفرانسەکەدا وتی: یەکێک لە تایبەتمەندییە جیاکەرەوەکانی ئەم کۆنفرانسە ئەوە بوو کە نەتەوە ئێرانییەکان لە هەموو بەشەکانەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەشدارییان کردووە و هەمووان بە ئازادی بە بیر و بۆچوون و باوەڕی خۆیان قسەیان کرد، هەروەها خاڵێکی تری زۆر گرنگی ئەم کۆنفرانسە ئەوە بوو کە لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ لە ئێران زۆربەی ئەو کەسانەی قسەیان دەکرد باسیان لە ئەزموونەکانی خۆیان دەکرد و لە سەرەتای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیشەوە هەمووان باسیان لە یەکڕیزی و یەکگرتوویی دەکرد، بەڵام ئێمە یەکگرتووییمان نەبینی، بە واتایەکی تر، ئەوەندەی لەم دوو ڕۆژەی کۆنفرانسەکەدا یەکگرتوویمان بینی، هیواخوازبووین ئەو یەکگرتووییە وەک کورد، عەرەب، بەلوچ و هەرکەسێک کە دەکەوێتە جوگرافیای ئێرانەوە لە شۆڕشدا ببینین.

 

"نەتەوە جیاوازەکان هاوسۆزی بۆ یەکدی دەرەبڕن"

گولروخ قوبادی، چالاکوان و نووسەری سیاسی چەپ، وتی: من لە زۆر کۆنفرانسی جیاوازدا بووم، لەوانە کۆنفرانسی ژنانی فارس و کۆنفرانسی ژنانی کورد،شتێکی سەرنجڕاکێش کە لەم کۆنفرانسەدا تێبینی دەکەم، یەکێتییە. ئەم یەکیەتییەی نێوان نەتەوە جیاوازەکانی ئێران وەک بەلووچ، کورد، عەرەب و هەر نەتەوەیەکی دیکە، لێرەدا ئەم یەکێتییە دەبینین کە هەریەک لەو نەتەوەیانە لە خەمی پرسی نەتەوەیی خۆیاندایە، چەندە نادادپەروەری بەرامبەریان کراوە لەلایەن ڕژێمی ئیسلامی، من ئەم و ئەو دەبینم هەست بە هاوسۆزی بۆ یەکتر دەکەن.

 

دەشڵێت: خاڵێکی دیکەی دیار کە لێرەدا تێبینیم کردووە ئەوەیە کە لە هەر شوێنێک نەتەوەی فارس بەشداریی کردبێت، ئەوە هەستێک بە مرۆڤ دەبەخشێت کە خۆیان نیشان دەدەن کە خۆیان بەهێزترن، بەڵام لێرەدا ئەمە وا نەبوو، هەستم کرد کە ئەوان هەستێکی گەورەیان هەیە وە ئەم هەستکردنە بە دەسەڵات کەمتر لێرەدا تێبینیم کرد و ئەمەش خاڵێکی ئەرێنییە کە نەتەوەکانی ئێران لە یەکتر نزیک دەکاتەوە و یەکدەنگی و هاوسۆزی ئێمە نیشان دەدات، ئەمەش پێشەکییەکە بۆ ئەو هاودەنگی و یەکگرتووییەی کە من باوەڕم وایە ئێمە لە ئێراندا پێویستمانە، ئەمەش لەم کۆنفرانسەدا ڕەنگدانەوەی هەبوو، بەتایبەتی دوای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، وەک ئەوەی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێراندا شایەتحاڵی بووین.