ژنانی کەناریی بەرەنگاری فەرمانی دژە ژن و داخستنی قوتابخانەکانی تاڵیبان بوونەوە

دوای گەڕانەوەی تاڵیبان، قوتابخانەی ناوچەی ناری لە پارێزگای کەنار داخرا، ژنانی ناوچەکە جگە لە حیجابی ناچاری و کوشتنی شەرەف و هەزار و یەک کێشەی دیکە، خوێندنیشیان لەدەستدابوو، بەڵام مامۆستاکان بە نهێنی قوتابخانەکەیان کردەوە.

بەهاران لاهیب

 

کەنار- لەگەڵ هاتنەوەی دەسەڵاتی تاڵیبان بۆ ئەفغانستان یەکەم هێرشی بۆ سەر ژنان بوو، کە هاوشێوەی قۆناغی یەکەمی حوکمڕانییان، ژنانیان لە کارکردن لە دەرەوەی ماڵ و درێژەدان بە خوێندن بێبەش کرد و حیجابیان بە ناچاری سەپاند، ئێستاش تاڵیبانەکان هەوڵ دەدەن ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ سەرکوتکردنی ژنان بە هەموو شێوەیەک، بەڵام لە لایەکی دیکەوە ژنان بەرەنگار بوونەوە و شەڕیان دژی یاسا ژنکوژەکانی تاڵیبان کرد.

 

یەکێک لە قوتابخانەکانی کچان دەکەوێتە ناوچەی ناری سەر بە پارێزگای کەنار، کە سەرجەم مامۆستایان و سەرۆکی مامۆستایانیان ژنن، نزیکەی ١١ ساڵ لەمەوبەر بە هەوڵی ئەو ژنانە قوتابخانەکەیان کردە ئامادەیی کچان و هەوڵدرا زەمینەی وانەوتنەوە بۆ کچان دابین بکەن.

 

هێلە دلاوەر، سەرۆکی مامۆستایانی ناوچەکەیە و لە بارەی قوتابخانەکەیەوە دەڵێت: من لە دەرچووانی یەکەمی پۆلی ١٢ی ئەم قوتابخانەیەم، دوای دوو ساڵ هەوڵدان توانیم خوێندنی باڵاش تەواو بکەم، بەهۆی ئەوەی بە نمرەی باش دەرچووم، بووم بە مامۆستا لەم قوتابخانەیە و بەرپرسیارێتی یەکێک لە بەشەکانی قوتابخانەکەم گرتە ئەستۆ.

 

هێلە دلاوەر باسی لەوەکرد، کاتێک تاڵیبان دەسەڵاتی وەرگرتووە، کچانی سەروو پۆلی شەشەم ڕێگەیان پێنەدرا بچنە قوتابخانە، وتیشی: باری دەروونی کچانی ئەم ناوچەیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبوو، لەگەڵ حیجابی زۆرەملێ و کوشتنی شەرەف و هەزاران کێشەی تر، خوێندنیشیان لەدەستدابوو، ئێمەی مامۆستایان بڕیارماندا بەنهێنی دەست بە وانەوتنەوە بکەینەوە بۆ کچانی سەروو پۆلی شەشەم، ساڵێک سەرکەوتوو بووین، بەڵام بەهۆی زیادبوونی دەوریەی وەزارەتی فەرمان با چاکە و قەدەغەکردنی خراپە ڕێگەیان پێنەداین ئەمساڵ بەردەوام بین، ئێستاش قوتابخانەکەمان لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندایە، ڕۆژانە بە ئاگادارکردنەوەیەکی نوێ دەچنە ناو قوتابخانەکە، ئێمە هەوڵ دەدەین تا دەتوانین بوونی قوتابخانەکەمان بپارێزین، بەڵام ئەوان لە پشت بیانووی جیاوازەوەن بۆ داخستنی قوتابخانەکەمان و دەشتوانم بە متمانەوە بڵێم کە سەرکەوتوو نابن.

 

هێلە باسی ئەو سەختییانەی کرد کە خێزانەکەی دوای گەڕانەوەی تاڵیبان ڕووبەڕووی بوونەتەوە، چونکە هاوژینەکەی ‌هێلە سەربازێکی حکومەتی پێشوو بووە و ساڵێک پێش ئێستا تاڵیبان لەسەر ئەم تاوانە دەستگیریان کردووە، نزیکەی ٤٠ ڕۆژ لەلایەن تاڵیبانەوە دەستبەسەر بوو، هەر جارێک سەردانی زیندانەکانیان دەکرد، تاڵیبان دەیانوت "لای ئێمە نییە"، تا ڕۆژێک زیندانییەکی تازە ئازاد کراو وێنەی هاوژینەکەی هێلا دەبینێت و دەڵێت کە لە زیندان لەگەڵیاندا بووە، دواتر بە پێدانی بڕە پارەیەکی لە ڕادەبەدەر لە دەستی تاڵیبان ڕزگاریان دەبێت، بەڵام بەهۆی زۆری ئەشکەنجەکانەوە تووشی نەخۆشی دەروونی دەبێت.

 

جگە لەمەش هێلە و هاوکارەکانی هەوڵیان دا بە هەر نرخێک بێت خزمەتی کچان بکەن، بینای قوتابخانە و هۆڵەکانی خوێندن و حەوشەکەی جوانییەکی وای پێبەخشراوە کە هانی خوێندکارەکانی دەدا بەردەوام بن لە وانە خوێندن.