سیما مورادبیگی: ئەگەری چاندنەوەی جومگەی ئانیشکم نییە

سیما مورادبیگی، یەکێک لە قوربانیانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" کە زیاتر لە ٢٠٠ گولـلە لە ئانیشکیدا بوو، ڕایگەیاند، بەپێی دوایین پشکنینەکان هیچ ئەگەرێکی چاندنەوەی جومگەی ئانیشکی نییە.

ناوەندی هەواڵ

 

سیما مورادبیگی، یەکێک لە قوربانیانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە شاری بۆکان، کە زیاتر لە ٢٠٠ گولـلە لە ئانیشکیدا بوو، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ڕایگەیاند، دوای کۆتا پشکنینەکان، ڕوون بووەوە کە هیچ شانسێک نییە بۆ چاندنی جومگەکان، "بۆچوونی تیمی پزیشکی ئەوە بوو کە مەترسی نەشتەرگەرییەکە زۆر بەرزە، هەموو شانەکانی دەست و ماسولکە و ئێسکم لە جومگەکاندا لەناوچوون، هیچ شانسێک نییە بۆ چاندنی جومگەکە و مەترسی نەشتەرگەرییەکە زۆرە.

 

سیما بورادبیگی خەڵکی شاری بۆکانە و بۆ چارەسەر ئێرانی بەجێهێشتووە، نووسیویەتی: "بەهۆی ئەو گولـلانەی لە دەستمدایە، ئەگەری تووشبوون بە ئیلتیهاب بەرزە و ئەگەری بەکارهێنانی دەستم دەبێتە مەترسی، تەنانەت ئەگەر نەشتەرگەرییەکەش سەرکەوتوو بێت و هەوکردنەکە نەمێنێت، لەسەدا پێنجی دەستم دەگەڕێتەوە، بڕیارەکە ئەوەیە دەستم بە گۆشەیەکی دیاریکراو چاک بکەمەوە، بەم زووانە نەشتەرگەریم بۆ دەکرێت و تەنانەت ئەوەش مەترسیدارە.

 

سیما مورادبیگی کە ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ فیشەک لە ئانیشکی دایە، نووسیویەتی: ئەمڕۆ دوای ساڵێک و سێ مانگ چاوەڕوانی، هەموو هیوایەک بۆ چاکبوونەوەی دەستم لەناوچوو، تا کۆتایی تەمەنم بەشێکم دەوەستێت، بیری زۆر شت دەکەم، ئاواتم دەخواست جارێکی تر کەمانچە هەڵبگرم، ئاواتم دەخواست بتوانم قژم ببەستم، ئاواتم دەخواست بتوانم کارەکانی کچەکەم بە تەنیا ئەنجام بدەم و خۆزگەم دەخواست..."

 

سیما مورادبیگی تەمەن ٢٦ ساڵ و دایکی کچێکە، لە کاتی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" بریندار بوو و زیاتر لە ٢٠٠ فیشەک بەر ئەژنۆی سیما مورادبیگی کەوت.