دەیان کەس گیانیان لەدەستدا؛ بەهۆی لافاوەوە باری نائاسایی لە سۆماڵ ڕاگەیەندرا
لە ئەنجامی ئەو لافاوانەی بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لە سۆماڵ ڕوویدا ٣١ کەس گیانیان لەدەستدا و باری نائاسایی لەو وڵاتە ڕاگەیەندرا.
ناوەندی هەواڵ
بەهۆی ئەو لافاوانەی لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا ناوچە جیاجیاکانی سۆماڵی گرتەوە، ٣١ کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی نیو ملیۆن کەسی دیکەشی ناچار کرد ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن، حکومەتی سۆماڵ ڕایگەیاند کە تەواوی وڵاتەکە چووەتە دۆخی نائاساییەوە، چونکە لافاوەکە زیانێکی گەورەی مرۆیی و ماددی لێکەوتووەتەوە.
جەختیشی لەوە کردەوە، دوای خراپترین وشکەساڵی لە چوار دەیەی ڕابردوودا لە سۆماڵ، لافاو بەهۆی بارانبارینەوە دروستبووە و ٣١ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٥٠٠ هەزار کەسیش ئاوارە بووە.
لە کۆبوونەوە بەپەلەی حکومەت تیشک خرایە سەر هەماهەنگی وەڵامدانەوەی خێرا و کاریگەر بۆ قەیرانی مرۆیی، هەروەها گفتوگۆ لەسەر تەرخانکردنی سەرچاوەکان، بەشداریکردنی ڕێکخراوە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان، جێبەجێکردنی ستراتیژییەکان بۆ پێشکەشکردنی فریاگوزاری و پاڵپشتی بۆ ئەو کەسانەی کە ئاوارەبوون یان بە توندی زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی لافاوەکەوە، کرا.
نووسینگەی هەماهەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی ڕایگەیاندووە، ڕەنگە لە وەرزی بارانباریندا ژیانی نزیکەی ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار کەس لە سۆماڵ کاریگەری لافاوی لەسەر بێت، کە تا مانگی کانوونی دووەمی داهاتوو بەردەوام دەبێت، لەگەڵ ئەگەری لەناوبردنی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵی.