ژنانی گوند.. گواستنەوەی ئاو ئازارەکانیان زیاتر دەکات و بەرپرسیارێتییان ئاڵۆزتر دەکات

ژنانی گوند لە تونس تووشی چەندین کێشە دەبن، یەکێکیان هێنانی ئاوە لە دووری چەند کیلۆمەترێکەوە، چونکە دەستگەیشتن بەم سەرچاوە بەنرخە بووەتە بەرپرسیارێتییەک کە زۆرجار دەکەوێتە سەر شانی ژنان، کێشەیەکە ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت.

ئیخلاس حەمرونی

 

تونس- هەستی تینوویەتی و بێئاوی ژنان لە پارێزگای جندوبەی تونس وای لە خەڵکی گوند کرد هاواری ترس بەرزبکەنەوەو ژمارەیەک دانیشتن و داخستنی ڕێگا ئەنجام بدەن، ئەمەش بۆ ڕاکێشانی سەرنجی دەسەڵاتدارانی هەرێمەکە و بەرگریکردن لە مافەکانیان، کە دەستوور مسۆگەری کردووە بەڵام جێبەجێ نەکراوە.

 

سەرەڕای زۆری بەنداو سەرچاوەی سروشتی ٢٠٠ هەزار خیزان بێئاون

دیاردەی بێئاوی هەڕەشە لە نزیکەی ٢٠٠ هەزار خێزان دەکات لە پارێزگای جندوبەی تونس، سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە سەرچاوە ئاوییەکانی بە ٣٦٢ ملیۆن مەتر سێجا خەمڵێندراوە، بەهۆی زۆری بەنداو و دەریاچە و سەرچاوە سروشتییەکانەوە.

 

مەنیە ئەحمەدی تەمەن ٢٠ ساڵ، لەسەر لێواری بەنداوی بوهەرتمە لە باکووری ڕۆژئاوای فەرنانا لە پارێزگای جندوبە ڕاوەستابوو، سەیری بڕی ئەو ئاوە دەکرد کە لە بەنداوەکەدا کۆکراوەتەوە، هەرچەندە ئەمساڵ زۆر نەبوو، بەڵام تا ڕادەیەک بەس بوو بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ گوندەکەی، بپ ماوەیەک بە چەپ و ڕاستدا دەیڕووانی بۆ بینینی کەناڵە گەورەکان کە لە نزیک بەنداوەکە و دەوروبەری گوندەکەی تێدەپەڕن و بەرەو تونس و شارەکانی دیکە دەڕۆن، بەڵام ئەو کەناڵانە ناگەنە ماڵەکەی، کە دەیان مەتر لە بەنداوەکەوە دوورە، بیری کردەوەو بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕا بۆ پڕکردنەوەی ژمارەیەک کۆگای پلاستیکی بە ئاوی خواردنەوە و گواستنەوەیان بۆ ماڵەکەی، ئەمە ئەرکێکە کە ئەو ڕۆژانە پێی ڕاهاتوە و ئەنجامی دەدات، بەتایبەتی دوای ئەوەی وازی لە خویندنگە هێناوە بەهۆی خراپبوونی باری دارایی خێزانەکەیەوە، ڕوونیکردەوە ناچارە لە ماڵەوە بمێنێتەوە و لە تەواوکردنی خوێندن بێبەش بووە.

 

گەشتی سەختی ژنانی گوند بۆ هێنانی ئاو

مەنیە ئەحمەدی وتی: ئەمە گەشتی ڕۆژانەمە، تەنانەت لەو ڕۆژانەشدا کە پلەی گەرما بەرز بوو، ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە سێ جار ئاوم لە بەنداوەکەوە دەهێنا، گەشتێک لەگەڵ گوێدرێژێک کە خێزانەکەم لە باپیرمەوە بە میرات وەریانگرتووە، لەو کاتەوەی من لەم گوندە لەدایکبووم و ئێمە لەم بارودۆخە ناخۆشەدا دەژین، لە ڕابردوودا باوکم گرنگی بە وەرگرتنی ئاو دەدا و هەندێک جار لەگەڵی دەچووم، ، ئەو زیاتر لە نیو کاتژمێر ڕادەوەستا بۆ پڕکردنەوەی ئاوەکان، بەنداوەکە پڕ بوو و ئاوەکە بێ وەستان بوو و گیا و گوڵە ڕەنگاوڕەنگەکان دەوری شوێنەکەیان دەدا، ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە، ئەم گەشتە چیتر بۆ من پێویست نییە و من وەک گەشتێکی بەئازار دەبینم، چیتر ئەو منداڵە نیم کە دێت بۆ یاریکردن لەگەڵ منداڵە بچووکەکان، بەڵام بووم بە کچێک کە بەرپرسیارێتی دابینکردنی ئاو بۆ خێزانەکەم هەڵدەگرم لە جیاتی ئەوەی وەک کچانی دیکە لە زانکۆ بخوێنم.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان زۆربەی کات بۆ مەودایەکی دوور دەڕۆن بۆ گەڕان بەدوای ئاودا لە کاتێکدا پیاوان دەچن بۆ کێڵگەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکان، هەتا ئەو کاتەی ژنان ئاو دابین دەکەن، هەندێک ژن هەن کە چەند کیلۆمەترێک دەڕۆن بۆ پڕکردنەوەی هەندێک لە کەلوپەلە بچووکەکان بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، هەندێکیشیان خێزانەکانیان ئامرازێکی گواستنەوەیان هەیە کە بۆ پڕکردنەوەی پێویستی ڕۆژێک یان زیاتر.

 

گەشتەکەی مەنیە ئەحمەدی هاوشێوەی زۆربەی چیرۆکەکانی ژنانە لە گوندەکانی نزیک بەنداوی بوھەرتمە و بەنداوەکانی دیکە، هاوڵاتیان لە گوندەکاندا دەژین کە پڕن لە دۆڵ و سەرچاوەی سروشتی و بەنداوی گەورە بەلام لە بێئاوی و تینووێتیدا دەژین.

 

"دابینکردنی ئاو بووە بە ئەرکی ژنان"

لە عەین دراهام، یەکێک لە شارەکانی پارێزگای جندوبە و سێیەم گرنگترین شوێنی گەشتیاری پارێزگاکەیە، مەریەم سهایلیە وەک ژنانی دیکە ئازار دەچێژێت کە بەدوای سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەدا دەگەڕێن وتی: کاتێک گەنج بووم لەگەڵ دایکم دەچووم بۆ ئەوەی بۆ کۆگا پلاستیکییەکان یارمەتی بدەم، هیوادار بووم ئەو کاتەی گەورە دەبووم لەم گوندە بڕۆم و لە ئازاری گواستنەوەی ئاو ڕزگارم بێت، بەڵام ئەم بەرپرسیارێتییە ئێستا وا دەردەکەوێت کە ئازارێکی سەختی ڕۆژانە بێت کە من و هەموو ژنانی ئەم ناوچە گوندییە لە جندوبە ئەزموونی دەکەین، لەبەر ئەوەی ئەرکی کۆکردنەوەی ئاوی خواردنەوە دەکەوێتە سەر ژنان نەک پیاوان لە ناوچە گوندییەکان.

 

پرسی: بۆچی ژنان دەبێت چەند کیلۆمەترێک بڕۆن و ئاو لەسەر پشتیان هەڵبگرن یان لەسەر گوێدرێژەکەیان؟ هەرچەندە لە سەردەمی گەشەکردنداین، هێشتا ئاو بە دەستی خۆمان دەگوێزینەوە، هەندێک لە ژنان لە ناوچەکە ماڵەکانیان نزیکەی سێ کیلۆمەتر دوورە، بەڵام ڕۆژانە نزیکەی ١٥ کیلۆمەتر بە ڕێگادا دەڕۆن لە ڕۆژانی هاوینیشدا، چونکە زۆربەی سەرچاوە ئاوییەکانی نزیک ئەوان دەستیان بە وشکبوون کردووە.

 

پیاوەکان کاتبەسەردەبەن و ژنان ئاو دابین دەکەن و ئەرکەکانی ماڵەوە جێبەجێدەکەن

فاتیمە ئەلزەغلامی، ئاماژەی بەوەکرد، بارودۆخی ژیانیان سەختە و گەشتکردن بۆ گەڕان بەدوای ئاودا بابەتەکەی خراپتر کردووە، وتی: بە پەراوێزخستن و هەژاری و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە دەناڵێنین، لە کاتێکدا ئێمەی ژنان هەوڵ دەدەین ئاو بەدەست بهینین، پیاوە تەمبەڵ و پشتبەستووەکانی گوندەکەمان کاتەکانیان لە قاوەخانەکان بەسەر دەبەن یان تەنها مانگێک یان دوو مانگ کاری وەرزی دەکەن.

 

وتیشی: ژنان بەرپرسیارێتی ماڵەوە و کشتوکاڵ و ئەرکە قورسەکانی دیکەیان گرتووەتە ئەستۆ، لەوانە دابینکردنی ئاو بۆ خێزانەکە و زۆرێک لە ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە لەلایەن هاوژینەکانیانەوە.

 

شایانی باسە کە بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی تونس، بەرزی بەنداوی بوهەرتمە ٤٤ مەتر دەبێت و توانای بەنداوەکە بۆ گلدانەوەی ئاو دەگاتە ١١٧ ملیۆن مەتر سێجا و ئاستی دوو هەزارو ٥٠٠ مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا، لە کاتێکدا حەوزەکەی ٨٠٠ هێکتارە، بەڵام ئەو ئاوەی کە لە ئێستادا کۆکراوەتەوە تەنها دەیەکی توانای خۆیەتی و پێداویستییەکانی هاوڵاتیان دابین ناکات، بەتایبەتی لەو ڕۆژانەی کە وڵاتەکە بە شێوەیەکی بەرچاو پلەی گەرما لە مانگی هاویندا بەرزبووەتەوە.