ناڕەزایەتی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی بێسەروشوێن کردنی وریشە مورادی

کۆمەڵێک ژن هاوسۆزی خۆیان بۆ کەمپەینی "وریشە مورادی لە کوێیە" ڕاگەیاند و دەڵێن: لە بەرامبەر ئەم تاوانە بێدەنگ نابین، چونکە بیر و تێکۆشانی ژنانی وەک وریشە ڕەنگ و بۆنێکی نوێی بە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەخشیوە.

یارا ئەحمەدی

 

ورمێ- وریشە مورادی، چالاکی مافی ژنانی کورد و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کەژار" لە ١ی ئەیلولی ئەمساڵدا لەسەر ڕێگای مەریوان بۆ سنە دەستبەسەر و بێسەروشوێن کرا و دەستگەیشتن بە دەرمان و پەیوەندی تەلەفۆنی لێ قەدەغە کراوە، وریشە چالاکوانێکی ژنان بوو کە لە خەمی چالاکییەکانی ژنان بوو، ئێستا چەند مانگێکە لە دەستبەسەریدایە و نەزانینی بارودۆخەکەی مەترسییە بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ و تاوانێکی ڕژێمە دژی ئەو چالاکوانە.

 

ڕژێمی دژە ژنی ئێران بە ڕێگەی جیاواز هەوڵ دەدات دەنگی ژنان لە پێناو ئازادیدا سەرکوت بکات، لە ٤٤ ساڵی ڕابردوودا سەدان ژن دەستگیر کراون، لە سێدارە دراون و سزای زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا سەپێنراوە. ژنان تووشی هەڵاواردنێکی سیستماتیکی ڕەگەزی، زمانەوانی، نەتەوەیی، کولتووری و ئابووری دەبنەوە و خەباتی بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵگە، وا دەکات ژنان وردە وردە مافەکانی خۆیان بەدەست بهێنن و کەمتر تووشی هەڵاواردنی سیستماتیک بن.

 

بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ڕفاندنی زیندانییەک لەلایەن دەزگایەکی ڕژێمەوە دژە مرۆڤ و مافی مرۆڤە، لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە بەپێی ماددەی حەوت بڕگەی دووەمی پەیماننامەی ڕۆما، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دادەنرێت، کە پەیڕەوی ناوخۆی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانە، حاگادارنەکردنەوە لە شوێنی هەر زیندانییەکیش، دەبێتە تاوانی بێسەروشوێنکردن لەلایەن ڕژێمەکەوە.

 

کۆمەڵێک ژنی چالاکوان و ڕۆژنامەنووس و نووسەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئیدانەی گرتن و بێسەروشوێنکردنی وریشە مورادی دەکەن و داوای ئازادکردنی دەکەن، ڕاشیانگەیاند، ؛ە ئێراندا ژنان بە شێوەی جۆراوجۆر تووشی هەڵاواردن و دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی ناڕەوا دەبن، وریشە مورادی چالاکوانی ژنانە و شوێنی ئەو زیندان نییە، ئێمەی ژنان هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ کەمپەینی "وریسە مورادی لە کوێیە؟" ڕادەگەیەنین و ناڕەزایەتی دەردەبڕین و هەوڵی ئازادکردنی دەدەین.

 

لەیلا ب. ناوی خوازراوی ڕۆژنامەنووسێکە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەژی، سەبارەت بە دەستگیرکردنی وریشە مورادی دەڵێت: دەستگیرکردنی وریشە هەڕەشەیە بۆ سەر ئازادی ژنان و پێویستە مافی پەیوەندیکردن و دەرمان و هەبوونی پارێزەری بۆ دابین بکرێت، پێویستە لە دادگایی کردنێکی دادپەروەرانەدا ئازاد بکرێت، جێگەی وریشە زیندان نییە، ئێمە کار بۆ ئازادکردنی دەکەین و لە بەرامبەر ئەم تاوانە بێدەنگ نابین، چونکە بیرکردنەوە و تێکۆشانی ژنانی وەک وریشە ڕەنگ و بۆنێکی نوێی بە بزووتنەوەی ژنان، ژیان، و ئازادی بەخشی.