لە ماوەی یەک ساڵدا نزیکەی هەزار و ٣٩٢ منداڵ لە دایکانی تەمەن منداڵ لەدایکبوون

ڕاپۆرتەکان پشتڕاستیان کردەوە، ساڵی ڕابردوو لانیکەم ٢٥ هەزار و ٩٠٠ کچ لە ئێران هاوسەرگیرییان کردووە و نزیکەی هەزار و ٣٩٢ منداڵ لە دایکانی خوار تەمەن ١٥ ساڵ لەدایکبوون.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە لەلایەن میدیاکانی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە داتای سەرەتایی ناوەندی ئاماری ئێران وەرگیراوە، ساڵی ڕابردوو نزیکەی هەزارو ٣٩٢ منداڵ لە دایکانی خوار تەمەن ١٥ ساڵ لەدایکبوون.

 

ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران دەریدەخات ساڵی ڕابردوو لانیکەم ٢٥ هەزارو ٩٠٠ منداڵ هاوسەرگیرییان کردووە، ئەمەش ئامارەکانی منداڵی بیانی لەخۆ ناگرێت.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، زیاتر لە ٦ هەزارو ٢٠٠ منداڵی کچی خوار تەمەن ١٥ ساڵ تەنها لە زستانی ساڵی ڕابردوودا هاوسەرگیرییان کردووە و زیاتر لە ٣٠٠ منداڵی لەدایکبووی دایکانی خوار تەمەن ١٥ ساڵ تۆمارکراوە.

 

هەروەها تەنها لە زستانی ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە ٢٠٠ منداڵی کچی خوار تەمەن ١٥ ساڵ جیابوونەتەوە، ئەمەش کێشەیەکی کۆمەڵایەتی گەورەیە کە زۆرجار پشتگوێ دەخرێت.