"بە ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم، فەرمانێکی سپی لەسەر کۆمەڵگەکەمان جێبەجێ دەکرێت"

نەعیم ئیلیاس، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی، لەبارەی ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەمی نێوان بەغدا و هەولێر قسەی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، ئەو پەیمانە ناناسن و ڕێکخراوەکەیان لە دژی هەموو هێرشەکان بەهێز دەکەن.

شەنگال

 

دوای ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم لە نێوان هەولێر و بەغدا، هێرشەکانی قڕکردن بۆ سەر کۆمەڵگەی ئێزیدی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی دڕندانە زیادی کردووە، دەیان پیشەنگی کۆمەڵگەی ئێزدی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کرانە ئامانج و گیانیان لەدەستدا، کۆمەڵگەی ئێزیدی چەندین ساڵە دژی ئەو ڕێککەوتنە ڕاپەڕیوە و ڕەتی کردووەتەوە، بە فەرمانی ٧٥ەم ناویان برد.

 

نەعیم ئیلیاس، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی "تاژێ"، بۆچوونەکانی خۆی لەسەر ڕێکەوتنەکەی ٩ی تشرینی یەکەم دەربڕی.

 

"دەیانەوێت شەنگال بۆ فەرمانەکان کراوە بێت"

نەعیم ئیلیاس، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تاژێ سەرەتا ئامانجی ڕێکەوتنەکەی ٩ی تشرینی یەکەمی هەڵسەنگاند و وتی: ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم لە نێوان پەدەکە و عێراق و تورکیا، ڕێککەوتنێک بوو لەسەر شەنگال کە ۳ ساڵ لەمەوبەر واژۆ کرا، هیچ بۆچوون و تێڕوانینێکی ئێزیدییەکانی تێدا نەبوو، دەیانەوێت شەنگال بچێتەوە پێش دۆخی ٢٠١٤ کە ١٠ هەزار ئێزیدی کۆمەڵکوژکران و کۆچیان کرد، تا ئێستا فەرمانەکە وەک فەرمانێک دیاری نەکراوە. دەیانەوێت ئەو فەرمانە بەو ڕێککەوتنە لەبیر بکەن و جارێکی دیکە کۆمەڵگەی ئێزدی بۆ فەرمانەکان ئامادە بکەن.

 

"بە سایەی گەریلا، هێزمان بویاندنرا"            

نەعیم ئیلیاس تیشکی خستە سەر ڕۆڵی گەریلاکان لە پاراستنی شەنگال و ڕێکخستنی کۆمەڵگەی ئێزیدی و وتی: بە سایەی گەریلا کۆمەڵگەکەمان لە شەنگال بەرگرییان کرد و هێزی خۆیان دامەزراند، کچان و کوڕەکانمان چەکیان هەڵگرت و دژی داعش شەڕیان کرد. یەژەشەو یەبەشە دامەزران، پاشان ئاسایشی ئێمە دامەزرا، خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک دامەزرا، دەزگاو دامەزراوەکانمان بونیاد نران، بەڵام بە ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم، دەیانەوێت هەموو دەستکەوتەکانمان لەناو بچن و جارێکی دیکە کۆمەڵگەی ئێزیدی بەبێ ئیرادە بەجێبهێڵن، بەڵام شەنگال شەنگالی پێش ٢٠١٤ نییە، شەنگال ئەمڕۆ خاوەن ئیرادە و هێزەو بە خوێن رزگارکراو بونیادنرایەوە، ڕێکخراومان دامەزراوە، گرنگ نییە چ نەتەوەیەک لە شەنگال دەژین، ئەم سیستمە هەمووان لەخۆ دەگرێت.

 

ئەوەشی خستەڕوو ئەو هێزانەی کە وترا کۆمەڵگەی ئێزیدی دەپارێزن ڕایانکردو وتی: هێزی عێراق لێرە بوون، پۆلیس و سەربازەکانی لێرە بوون، ١٢ هەزار پێشمەرگە لێرە بوون، بەڵام کەسمان نەبینی کاتێک فەرمانەکە جێبەجێ کرا. ئەوانەی وتیان شەنگال دەپارێزین بەڵام هەڵاتن، ئێستا هێزمان هەیە و خۆمان دەپارێزین، خوێنی ٥٠٠ شەهید لێرە ڕژاوە و شەنگالمان پاراستووە، دەستبەرداری هیچ دەسەڵاتێک نین و ئەو ڕێککەوتنە قبوڵ ناکەین.

 

"ڕێگای کۆچ دەکەنەوە"

نەعیم ئیلیاس تیشکی خستەسەر سیاسەتی کۆچ لەسەر کۆمەڵگە و وتی: خۆمان بە بیرو فەلسەفە ڕێکخست، چەندین هێرش کرایە سەرمان بۆ ئەوەی هێزەکانمان لەناو ببەن، دەبینین ڤیان دەخیل و محەمەد دەخیل چوونە پەرلەمان، چییان بۆ ئێزیدییەکان کرد؟ ئەوان تەنها بە ناوی ئێزیدییەکانەوە دەڕۆن، بەڵام هیچیان بۆ بەرژەوەندی ئێزیدییەکان نەکردووە، ١٠ ساڵ تێپەڕیوە لەسەر فەرمانەکە، بەڵام زۆرێک لە ئێزیدییەکانمان هێشتا لە چادر و نایلۆندان، هەروەها نەگەڕانەوەی گەل هێڵێکی سیاسییە، بەڵام نابێت ڕێگە لە عێراق بگیرێت لە گەڕانەوەی خەڵکی شەنگال بۆ خاکەکەی، دەیانەوێت ڕێککەوتنەکەی ٩ی تشرینی یەکەم بگەڕێننەوە، ڕێگای کۆچکردن بۆ کۆمەڵگەی شەنگال دەکەنەوە و بوونی کۆمەڵگەی ئێزیدی قبوڵ ناکەن و ڕێگایان بۆ دەکەنەوە بچنە دەرەوەی وڵات.

 

"شکۆدارترین شت ژیانە لەسەر خاکی خۆت"

هەروەها ڕەخنەی لە هەڵوێستی دەوڵەتی ئەڵمانیا گرت و ڕایگەیاند، بە کۆچکردنی کۆمەڵگە سوود ناگەیەنن بە ئێزیدییەکان و وتی: ئەڵمانیا بە پێویستی زانی ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی ئەو فەرمانەی لەسەر کۆمەڵگەکەمان وەک جینۆساید قبوڵ بکرێت. بەڵام ئەڵمانیا چەک دەدات بەو هێزانە بۆ هێرشکردنە سەرمان. ڕێگای کۆچکردن بۆ کۆمەڵگاکەمان دەکاتەوە، بە هیچ شێوەیەک سوود بە ئێمە ناگەیەنێت، کۆمەڵگاکەمان بڵاو دەکاتەوە. با لەسەر خاکەکەمان بین، ئەوە شکۆمەندییە بۆمان، زۆرێک لە وڵاتان دەستیان لە ڕێکەوتنەکەدا هەیە.

 

وتیشی: لە فەرمانەکەدا، کچان و ژنانی ئێزیدی دەستگیرکران و دەستدرێژییان کرایە سەر و فرۆشران، بەڵام کۆمەڵگەی ئێمە دەوڵەت نەبوو، نەوت و زێڕی نەبوو، هێرشیان کردە سەر ئایینەکەمان، دەیانەوێت ئایین و کولتوور و باوەڕمان لەناو ببەن، هێرشەکان بۆ سەر ئێمە بەردەوامە، عێراق هێرشیکردە سەر دوگۆر و سنون و گەنجەکانمان جارێکی دیکە شەهید بوون، ئەم هێرش و پلانانە هەموویان پەیوەندییان بە ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەمەوە هەیە، پێکهێنانی پۆلیس یەکێکە لە خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتنە، دەیانەوێت هێزی ئێمە لەناو ببەن بە دروستکردنی پۆلیس، بەڵام کۆمەڵگەکەمان و ئیرادەو باوەڕمان لەوان بەهێزترن.

 

"فەرمانێکی سپی جێبەجێ دەکەن"

لە کۆتایی قسەکانیدا نەعیم ئیلیاس، ئەندامی کۆردیناسیۆنی بزووتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزیدی، جەختی لە گرنگی یەکگرتوویی کرد و داوای یەکگرتوویی کرد، وتی: هەموو ئێزیدییەک، بەبێ گوێدانە حزب، دەبێت دەست بگرێت و یەکگرتوو بێت، گەورەترین مەترسی ئەوەیە کە ئێستا فەرمانیکی سپی لە کۆمەڵگەکەماندا جێبەجێ دەکرێت، خراپترە لە فەرمان، کاتی فەرمانەکە دەمانزانی کە داعش هاتووە، بەڵام بەداخەوە ئێستا هەموو دەوروبەرمان دوژمنن.