هاوڵاتیانی باشووری کوردستان داوای ناوچەی دژە فڕین بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن

هێرش و بۆردومانەکان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆ سەر ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان بەردەوامە و هاوڵاتیانیش سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەن.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی، گروپی هەڵویست دژی داگیرکاری گردبوونەوەیەکیان ساز کرد و  لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایانگەیاند، پێویستە ناوچەی دژە فڕین بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دابنرێت.

 

ئازادیخوازان و چالاکوانان سەرەتا بەدەقەیەک ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیان پێکرد، تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەکرد، ئەو هێرشانەی ئێستا هەیە داگیرکارییەکە لەسەر کورد بەڕێوە دەچێت و هێرشێکی نەتەوەییە، نەک تەنها خاکمان بەڵکو زمان و کولتوورمان لەژێر مەترسی دەوڵەتی عوسمانی نوێ دایە، هێڵێکی خیانەتیش لە ناو کوردا هاوکاری داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا دەکات، هیچ دەنگێکیش لە دەوڵەتانی زلهێزەوە نەبیندرا دژی ئەم هێرشانە، ئەوەی داعش تەواوی نەکرد دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت تەواوی بکات، داوا دەکەین لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و حکومەتی عێراق بێنە دەنگ و بڕیاری دانانی ناوچەیەکی دژە فڕین بدرێت.

 

"دەوڵەتی تورکیا هەوڵی لەناوبردنی قەوارەی کوردی دەدات"

لە درێژەی کۆنگرەکەدا شێرکۆ عەبدوڵا لەسەر ناوی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە وتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی تورکیا هەمیشە لە پلانگێڕیدا بووە دژی قەوارە کوردییەکان و بە ئاشکرا ئازادیخوازان تیرۆر دەکات، ئەو هێرشانەی ئێستا تورکیا دەیکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان بە هەموو پێوانە نێودەوڵەتییەکان تاوانی جەنگی ئەنجامداوە.

 

لە کۆتایدا بەختیار بەیاننامەی حزبی شیوعی کوردستانی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی تورکیا دەستی کردووە بە دەستدرێژی کردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و ژێرخانی ناوچەکەی بە ئامانج گرتووە، کە چەندین کەسی بێتاوان شەهید و بریندار بوون، داوا لە کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەین سنورێک بۆ ئەو دەستدرێژیانەی دەوڵەتی تورکیا دابنێین.