ژنانی ئەفغانستان ئیدانەی بێ سەروشوێنکردنی زۆرەملێی چالاکوان وریشە مورادی دەکەن

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی ژنانی ئەفغانستان-ڕاوا، لە ڕێگەی نامەیەکەوە، نیگەرانی خۆی لە بێسەروشوێن بوونی چالاکوان وریشە مورادی لەسەر دەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەربڕی.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی ژنانی ئەفغانستان-ڕاوا بە ئاماژەدان بە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی چالاکی سیاسی کورد وریشە مورادی، بانگەوازی بۆ هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرتاسەری جیهان کرد "ڕێگە بە ڕژێمی فاشیستی ئێران و ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان نەدەن بەردەوام بن لە گرتن و زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانی شۆڕشگێڕان".

 

لە نامەیەکدا ڕاوا باس لەوە دەکات، کە ئاگاداری دەستگیرکردنی چالاکوان وریشە مورادی (جوانا سنه) بوون و نیگەران بوون کە دۆستێکی دیکەیان کەوتووەتە داوی ڕژێمی ئێرانەوە، لە نامەکەدا هاتووە، "بەڵام ئەوەی لێی ناترسین، خۆڕاگری و وەستانەوەی گەنجانی ئازایە، کە وەک درەختی سروشت دەوەستن و دەیسەلمێنن کە نەوەی شیرین عەلەمهولی و زەینەب جەلالیانن، ئێمە لە نزیکەوە ئەم دۆستە ئازیزە دەناسین، بەڵام بە پێی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زانیمان لە کاتی ئەنجامدانی چالاکی سیاسی و ڕێکخستنی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە لێیدرا، ئەمەش ڕفاندنی سپیدە قەلیانمان بە بیردەهێنێتەوە، کە سەرەڕای هەوڵە جدییەکانی ئەو بنەماڵەیە هێشتا هیچ هەواڵێک لەبارەی چارەنووسییەوە نییە".

 

ڕاوا جەختی کردەوە کە، "لەگەڵ دەسپێکی ڕاپەڕینی ئەم دواییە لە ئێران، بناغە گەندەڵەکانی ڕژێمی ئیسلامی زیاتر لەرزۆک بوون و بەم شێوەیەش ڕژێم دڕندەیی و بەربەرییەتی خۆی بۆ سەرکوتکردنی ئەم بزووتنەوەیە زیاد کرد، جگە لە گرتن و کوشتنی بەربڵاوی خۆپیشاندەران و چالاکوانان، ڕژێم شەپۆلی لەسێدارەدانی زیاد کرد بۆ ئەوەی خەڵک ناچار بکات گوێڕایەڵی بکەن، بەڵام هیچ بەربەستێک ناتوانێت لافاوی تووڕەیی گەلی ئێران ڕابگرێت و بەم زووانە ئەم ڕژێمە مرۆڤکوژە دەڕوخێنرێت".

 

کۆمەڵەی ژنانی شۆڕشگێڕی ئەفغانستان بانگەوازی لە هەموو ڕێکخراوەکان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهان دەکات، کە ڕێگە نەدەن حکومەتی ئێران و ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی دیکە درێژە بە گرتن و زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانی شۆڕشگێڕان بدەن و ڕایانگەیاند، "ناتوانین چاوەڕوانی هیچ شتێک لە حکومەتە ئیمپریالیست و کۆنەپەرستەکان بکەین لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، تەنها ئەوە نەبێت کە ئێمە ئەو وڵاتە چەوساوەین کە "نابێت لە پەراوێزدا بوەستین و تەنها سەیر بکەین، بێدەنگی و بێباکیمان لە ڕاستیدا هاوبەشیکردنە لەم هەموو ستەم و نادادپەروەرییە، دەبێت دەنگمان بەرز بکەینەوە بۆ ئەوەی هەمووان ئاگاداری ئەم تاوانە بن و لانیکەم فشار و ئەشکەنجەدانی سەر وریشە مورادی کەم بکەینەوە".