ڕژاک داوای فشار بۆ ئاشکرا کردنی چارەنووسی وریشە مورادی دەکات
ڕژاک بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، وریشە مورادی لەلایەن دەزگای زانیاری-ئیتلاعاتی ڕژێمی ئێران ڕفێندراوە و داوای فشار بۆ ئاشکرا کردنی چارەنووسی وریشە مورادی دەکات.
ناوەندی هەواڵ
وریشە مورادی بە ناسناوی "جوانا سنە" لە ١ی ئابی ئەمساڵدا لەلایەن دەزگای زانیاری-ئیتلاعاتی ڕژێمی ئێران لە دەوروبەری شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕفێندرا و دوو مانگ تێپەڕ دەبێت و تا ئێستا هیچ زانیارییەک دەربارەی چارەنووسی نازانرێت.
دوای دەستگیرکردنی جوانا سنە، ناڕەزایەتی بەرفروانی لێکەوتەوە و داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی دەکرێرت، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە و تیایدا ئیدانەی توندی بێسەروشوێنکردنی جوانا سنە دەکات.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "وەک ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک بانگ لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوەکانی ژنانی ئازادیخواز لە کوردستان و جیهان دەکەین فشار بخەنە سەر ئێران تا چارەنووسی وریشە مورادی دیار بکات و ژیانی پارێزراو بێت".
ڕژاک شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەبیرهێنایەوە کە وریشە مورادی بە پەیام و هەڵسەنگاندنەکانی بووەتە پێشەنگ و تیایدا هاتووە، "وەک دەزانین کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەنگی خۆی گەیاندە هەموو جیهان کە شۆڕشێکی کۆمەڵگەی ئێرانە و هەموو چین و توێژ، نەتەوە، باوەڕیی و ئاینزاکانی گرتەوە و بووە شۆڕشێک بۆ بەدیهێنانی ئازادی و ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرە توندوتیژییەک کە بەرامبەر ژن و کۆمەڵگا دەکرێت، بۆیە ئێران لە ترسی لەرزینی دەسەڵاتەکەی، بە هەموو شێوەیەک سەرکوتی ناڕەزایەتی گەنجان و خەباتی ژنان دەکات و بە زیندان و ئەشکەنجە و سێدارە هەوڵی بێدەنگکردنی شۆڕش دەدات، بێسەروشوێن کردنی وریشە مورادی لە هەمان چوارچێوە و بۆ کپکردنی تێکۆشانی ژنانە".
لە کۆتاییدا ڕژاک جەخت لەسەر دروستکردنی فشار دەکاتەوە و داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات فشار بخەنە سەر ڕژێمی ئێران تا چارەنووسی وەریشە مورادی ئاشکرا بکات.