دەسەڵاتدارانی ئێران چوار ژن دەستگیر دەکەن و دوو ژنیش ئازاد دەکەن

دەسەڵاتدارانی ئێران هاوکاتی ئازاد کردنی زەینەب کازمی و مەهسا یەزدانی، سۆڵماز حەسەنزادە، خوشکی یەکێک لە قوربانیانی ڕاپەڕینی جەماوەری ئێران و سێ هاوڕێی دیکەی دەستگیر کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دەسەڵاتدارانی ئێران تا ئێستاش سیاسەتی سەرکوتکەرانەی خۆیان بە بیانووی جۆراوجۆر لە گرتنی هاوڵاتییان، بە تایبەت دوای ڕاپەڕینی جەماوەری لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پراکتیزە دەکەن.

 

بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە، هێزە ئەمنییەکانی شاری بۆکان، سۆڵماز حەسەنزادە، خوشکی محەمەد حەسەنزادە، یەکێک لە قوربانیانی ڕاپەڕینی جەماوەرییان دەستبەسەر کردووە، هەروەها شیدا ڕەزایی، سیمین خەیات و.شیرین خەیات، ئەندامی کۆمەڵەی زانستی مامانەکانی ئێران، کە لەگەڵ سۆڵماز حەسەن زادە لەسەر ڕێگای سەقز بوون، دەستگیرکراون و لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بنەماڵەکانیان ئاگادار کردووەتەوە، تا ئێستاش نازانرێت لەکوێوە نامەکە نێردراوە و بەرەو کوێ براون.

 

شایانی باسە کە دەسەڵاتداران سەرەتای ئەمساڵ دوای بانگهێشت کردنی سۆڵماز حەسەنزادە و باوکییان بۆ بارەگای ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان، دەستبەسەریان کردن و دوای ماوەیەک ئازاد کران.

 

ڕۆژی ٥ی ئەیلوول، دادگای تاوانەکانی کۆمەڵگەی قەزایی ئیرشاد لە تاران، بە تۆمەتی “پێشێلکردنی حورمەتی گشتی” لە نێویاندا ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەرکردن، سزای ٧٤ قامچی بە زەینەب کازمی سەپاند و جێبەجێکردنی ئەم حوکمە بۆ ماوەی ٥ ساڵ ڕاگیرا، هێزە ئەمنییەکان ڕۆژی ١٨ی ئەیلول زەینەب کازمییان دەستبەسەر و گواسترانەوە بۆ زیندانی قەرچاک لە شاری ڤارامین.

 

دەسەڵاتداران لە ٢٥ی ئەیلوول، زەینەب کازمی کە ناڕەزایەتی دژی حیجابی ناچاری دەربڕی و لە زیندانی قەرچەک و ڕامین دەستگیر کرابوو، ئازاد کرد.

 

لە ٢٦ی ئەیلوولیشدا مەهسا یەزدانی، دایکی محمد جەواد زاهیدی، یەکێک لە قوربانیانی ڕاپەڕین، لە زیندانی ساری ئازاد کرا، دوای ئەوەی لە ٢٢ی مانگی ئابدا دەستگیر کرا و یەکێکە لەو هەزاران بنەماڵەیەی کە ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە پراکتیزەکانی ئێران دژی خەڵک.