ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: دەبێت دادگایی ئەو کەسانە بکرێت کە تاوانیان دژی خۆپیشاندەران ئەنجامداوە
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی کوژرانی ژینا ئەمینی و دەستپێکردنی ڕاپەڕین لە ئێران، دەسەڵاتداران هەڵمەتی دەستگیرکردنیان چڕتر کردەوە و بنەماڵەی قوربانییەکان و زۆرێک لە هاوڵاتیانی دیکەیان کردە ئامانج، بەمەش هەزاران کەس ناچارن بەشداری یادکردنەوەی ڕاپەڕینەکە نەکەن
ناوەندی هەواڵ
لەگەڵ دەستپێکردنی ئەو ناڕەزایەتیانەی کە لە ئێران دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەسەر دەستی پۆلیسی ئەخلاق سەریهەڵدا، دەسەڵاتداران دەیان هەزار چالاکوان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤیان دەستگیر کرد و لانیکەم ٥٠٠ خۆپیشاندەر کوژران کە ٧١یان منداڵ بوون، دەیان هەزار کەسیش بریندار و دەستگیر کراون.
ئەمڕۆ، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بەبۆنەی ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران، لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە تاوانی زۆریان دژی گەلەکەیان ئەنجامداوە، کە دەیان ساڵە دژی ستەم و نادادپەروەری خەبات دەکەن.
ڕێکخراوەکە لە بەیاننامەکەیدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، دەسەڵاتدارانی ئێران و ئەو کەسانە دادگایی بکەن کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، "دوای ساڵێک دەسەڵاتدارانی ئێران زنجیرەیەک تاوانیان ئەنجامداوە کە لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا دیاری کراوە، ئەو تاوانانە بریتی بوون لە سەدان کوشتنی نایاسایی و لەسێدارەدانی ئارەزوومەندانەی خۆپیشاندەران، دەیان هەزار دەستگیرکردن، ئەشکەنجەدان، لەوانە دەستدرێژیکردنە سەر ژنە دەستگیرکراوەکان و هەراسانکردنی بنەماڵەی قوربانییەکان".
دیانا تەحاوی، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی ناوچەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاشکرای کرد، کە دەسەڵاتدارانی ئێران ساڵێکی تەواو تێپەڕیوە بەسەر جێبەجێکردنی جۆرەها توندوتیژی و سەرکوتکردن لە دژی گەلەکەیان، ساڵێک دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەسەر دەستی پۆلیسی ئەخلاق، یەک بەرپرس نەخراوەتە بەر لێکۆڵینەوەی تاوانکاری یا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا نەکراوە و سزا نەدراون لەسەر لەسەر ئەو تاوانانەی کە لە کاتی ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین ئەنجامیان داوە.
ئاماژە بەوەشکرا، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی جەماوەری لە ئێران کە وەک بیرخستنەوەیەکی توند بۆ وڵاتانی جیهان لە پێویستی کردنەوەی لێکۆڵینەوەی تاوانکاری، سەبارەت بەو تاوانە قێزەونانەی کە دەسەڵاتدارانی ئێران لە دژی گەلەکەی ئەنجامیانداوە، باسی لەوەشکرد، زۆرێک لە حکومەتەکانی جیهان بانگەوازیان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە، کە بەکارهێنانی نایاسایی چەکی ئاگرین دژی خۆپیشاندەران و ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوان ڕابگرن و ئازادیان بکەن.