نێرگس محەمەدی لە زیندانی ئەڤین تووشی توندوتیژی بوو

نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤ کە لە زیندانی ئەڤینە، لەلایەن کارمەندانی نەخۆشخانەوە توندوتیژی بەرامبەر کراوە، تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەبارەی دۆخی تەندروستی ئەو چالاکوانە نییە کە بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی زانیارییەکان نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤ کە لە زیندانی ئەڤینی ئێران زیندانی کراوە، لەلایەن کارمەندانی نەخۆشخانەی ١١ی سێپتەمبەرەوە سووکایەتی و توندوتیژی بەرامبەر کراوە، چونکە جلوبەرگی "بەپێی ڕێسا ئیسلامییەکان" لە زیندانەکەدا نەپۆشیوە، باس لەوەش کراوە، نێرگس محەمەدی دوای ئەو توندوتیژییەی کە بەرامبەری کراوە، بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن لە زیندان گواستراوەتەوە، تا ئێستا نازانرێت بۆ کام نەخۆشخانەیان بردووە و باری تەندروستی چۆنە.

 

هەروەها باس لەوە کراوە، لە کاتێکدا کە نێرگز محەمەدی ئەشکەنجە دەدرا، جێگری پۆلیس هادی محەمەدی، یاریدەدەری کارمەندی تەندروستی ڕۆحوڵا تاوسلی، بەڕێوەبەری ئاسایشی زیندانی محەمەدی و یاریدەدەرەکەی و ٢ پاسەوانی ژن شایەتحاڵی ڕووداوەکە بوون بەڵام دەستوەردانیان نەکردووە.

 

'ئێمە پێکەوە سەردەکەوین'

نێرگز محەمەدی کە زیندانی سیاسییە، لە زۆرێک لەو نامە و پەیامانەی لە زیندانەوە بۆ زۆرێک لە وڵات و گروپەکان ناردبووی، بەتایبەت لە دوا نامەیدا بۆ ڕۆژنامەی لۆمۆندی، جەخت لە بەرخۆدان دەکاتەوە و دەپرسێت: "دەنگی شکاندنی دیواری ترس لە ئێراندا دەبیستیت؟"، هەروەها دەشڵێت: "لە سایەی ئیرادەی ئێستادا، بەم زووانە گوێتان لە شکستی دەسەڵات دەبێت، ژنانی ئێران سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'یان لە دژی سیستەمی ئایینی و پیاوسالاری وڵات دەستپێکرد، بڵاوکردنەوەی ئەم نامەیە ئەوە دەردەخات کە دەنگی ئێمە بەسە بۆ گوێی ئێوە، پێکەوە سەردەکەوین".