ژمارەی گیان لەدەستدان بە بوومەلەرزەکەی مەغریب گەیشتە دوو هەزار و ١٢٢ کەس

بەپێی دوایین زانیارییەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەغریب گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە دوو هەزار و ١٢٢ کەس و ژمارەی بریندارەکان گەیشتە دوو هەزار و ٤٢١ کەس.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەو بوومەلەرزەیەی کە بە پێوەری ٧ پلە لە قوڵایی ٨ کیلۆمەتر لە مەغریب ڕوویدا، ناوەندەکەی لە ناوچەی مەراکش بوو، ڕزگارکردنی زیانلێکەوتووان کە لەژێر داروپەردوودا مابوونەوە بەردەوامەو لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتژمێرەکان، ژمارەی کوژراو و بریندارەکان زیاد دەکات.

 

بەربەست هەیە لە هەوڵەکانی گەڕان و ڕزگارکردن بەهۆی وێرانکارییەکی بەربڵاو لە شوێنە جیاوازەکانی وڵاتەکە، وەزارەتی کاروباری ناوخۆی مەغریب ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ دوو هەزارو ١٢٢ کەس و ژمارەی بریندارەکان بۆ دوو هەزارو ٤٢١ کەس بەرزبووەتەوە.

 

"ژمارەیەکی زۆر لە گوندەکان بە تەواوی وێران بوون"

عەبدول لەتیف وەهبی وەزیری دادی مەغریب وتی: زۆرێک لە گوندەکانی وڵاتەکە بە تەواوی وێران بوون، زۆرێک لە گەڕەکە کۆنەکان، کە هەندێکیان مێژوویین، زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە لە شاری تەرودانت لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە، هەروەها کاربەدەستان کاردەکەن بۆ نیشتەجێکردنی ئەو دانیشتوانەی کە ناتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان لەو ناوچانەی زیانیان بەرکەوتووە.

 

ئەو وەزیرە پشتڕاستی کردەوە کە کاری سەرەکییان دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانە و وتی: کردنەوەی ڕێگاکانی دەوروبەری شاری تەرودانت کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە داخرابوو بەردەوامە.