دووەمین ساڵەی دەسەڵاتی تاڵیبان؛ ژنانی ئەفغانستان سەرکوتی ئازادییەکان ئیدانە دەکەن

ژنانی خۆپیشاندەری ئەفغانستان جەختیان لەوە کردەوە، ژنان دەیانەوێت وڵاتەکە لە بوونی تاڵیبانی ژنکوژ پاک بکەنەوە، بۆ ئەوەی هیچ ژنێک نەبێتە قوربانی هەڵاواردن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە سەروبەندی دووهەمین ساڵیادی کۆنتڕۆڵکردنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبان و بەردەوامی گۆشەگیریی سەر ژنان و کچان، ژنانی ئەفغانی نیشتەجێی وڵاتی ئێران گردبوونەوە و دروشمی "داد و دادپەروەری، بێزار بووین لە نەزانی، گەیشتن بە میرنشینی دیلێتی و زەلیلکردن بنەمای هەموو نەزانییە"یان بەرز کردەوە.

 

لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند، "لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١دا کاتێک تاڵیبان دەسەڵاتی گرتە دەست و بناغەکانی ژیانی خەڵک بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش داڕما و هیوا بۆ ژیانی ئاسایی لە ئەفغانستان هەڵوەشایەوە".

 

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە بە هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان "ئازادی گشتی و تاکەکەسی نەما، تاریکی و نەزانی لە جیاتی ڕووناکی و ئومێد زاڵ بوو، ئێستاش لە ساڵی دووەمی کۆنترۆڵکردنی تاڵیبان بەسەر ئەفغانستانداین، دوو ساڵ لەمەوبەر جیهان شایەتحاڵی هەموو تاوانەکانی جەنگی دژ بە مرۆڤایەتی و ڕەگەزی بووەوە،  کۆچی زۆرەملێ، جینۆساید، جیاکاری ڕەگەزی و تیرۆر ئەنجامدرا.

 

لە بەیاننامەکەدا چەند خاڵێک دیاریکراوە و تیایدا هاتووە، "ئەفغانستان مەیدان و پەناگەی ئەو گروپە تیرۆریستییەیە لە جیهاندا ناسراوە و ئەو وڵاتانەی بەشدارن لە دۆسیەی ئەفغانستاندا بەرپرسیارن لە پێشگرتن لە تیرۆر لەو وڵاتە، دووەم: پێویستە ڕێککەوتنی دۆحەی نێوان تاڵیبان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە بووە هۆی ئەوەی وڵاتەکە بکەوێتە دەستی تاڵیبانەوە، هەڵبوەشێنرێتەوە و لە ئەنجامدا ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و هەژاری و جیاکاریی ڕەگەزی و نەتەوەیی لە ئەفغانستاندا لێکەوتووەتەوە، سێیەم: ژنان نیوەی کۆمەڵگەی ئەفغانستانن، لەلایەن تاڵیبانەوە لەناوبراون، ئێمەش دەمانەوێت وڵات لە گروپە تیرۆریستییەکان پاکبکەینەوە، بۆ ئەوەی هیچ ژنێک نەبێتە قوربانی هەڵاواردنی ڕەگەزی."