بارۆی یاسایی سەدە: با بڕیاری ڕێکار گرتنەبەر لە ئیمڕاڵی جێبەجێ بکرێت

بارۆی یاسایی سەدە ڕایگەیاندووە، کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هیچ هەواڵێک لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانییەکانی دیکەی دوورگەی ئیمڕاڵی نەبیستراوە و داوای لە کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تورکیا کرد کە بڕیاری ڕێکار گرتنەبەر جێبەجێبکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بارۆی یاسایی سەدە دەربارەی دوو ساڵی ڕابردوو کە هیچ زانیارییەک لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکە عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش نییە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا سەبارەت بە موەکیلەکەیان لە زیندانی قورسی جۆری ئێفی ئیمڕالی، ڕایانگەیاند، کە دوایین جار لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١  عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ براکەی کۆبووەتەوە، کە لە ماوەی چەند خولەکێکدا پەیوەندییەکە پچڕاوە، لەو کاتەوە سەرەڕای هەموو هەوڵە یاسایی و کارگێری و دیموکراتیکەکان هیچ زانیارییەکیان بەدەست نەگەیشتووە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:

"لەبەر ئەوەی نەمانتوانیوە بە هیچ شێوەیەک سەردانیان بکەین و پەیوەندیان پێوە بکەین، تا ئێستا هیچ زانیارییەکمان لەسەر باری  تەندروستی، دۆخی دیلبوونیان و دۆخی یاساییان نییە، سەرباری ئەوەی پارێزەران ٢٧٤ جار و بنەماڵەکانیش ١١٨ جار داوای سەردانکردن و ئەنجامدانی کۆبوونەوەیان لە داواکاری گشتیی بورسا و بەڕێوەبەرایەتی زیندانی دوورگەی ئیمڕالی کردووە، بەڵام ئەوە دوو ساڵە ئەو داواکارییانە هیچ ئەنجامێکیان نەبووە، هەموو داواکارییە یاسایی و ئیدارییە ناوچەییەکان تا دادگای دەستووری بێ ئەنجام بوون، دامەزراوەکانی دەزگای داد جارێکی تر بە بڕیارەکانی خۆیان ئەوەیان سەلماند، کە لە بری پاراستنی مافی موەکیلەکانمان و ڕاگرتنی پێشێلکارییەکانی دژ بە یاساکان و مافەکان، ڕێگایان دا گۆشەگیریی لە ئیمڕالی لە ئاستی ئەشکەنجە و دژ بە مرۆڤبووندا بەردەوامیی پێ بدرێت، کە ئەوەش لایەنێکی دیکەی گۆشەگیرییە.

 

گرتنەبەری ڕێکاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان

هیچ زانیارییەک لە بەڕێز ئۆجالان و موەکیلەکانی تر نییە و ئەوەش بە هیچ یاسا و مافێک پاساوی بۆ ناهێندرێتەو و ڕوون ناکرێتەوە،  دابڕاندن لە کۆمەڵگە و جیهان، بێبەشکردن لە بەرگریی یاسایی و دیلکردنیان لە هەلومەرجی بێ چاودێریی بێ سنوور و نادیاردا، واتە ئەشکەنجەدان و کاری نامرۆڤانە و پێشێلکارییە، بۆ کۆتایهاتن بە دۆخی گۆشەگیریی ڕەها لە ئیمراڵی (زیندانیکردن بۆ دابڕاندنی هەمەلایەنە لە دونیای دەرەوە) سەردانی کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان  کراوە، کۆمیتەکەش داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان بەپێی پێوەرەکان وەک مەرجی یەکەم پەسەند کردو لە ئەیلولی ٢٠٢٢دا داوای لە حکومەت کرد، کە کۆتایی بە زیندانیکردنی نایاسایی بهێنێت، بەهۆی پشتگوێ خستنی ئەم بڕیارە، لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣دا بە داوای بەپەلە، ئەو ڕێوشوێنانەی بە بیری حکومەت هێنایەوە، هەرچەندە پڕۆسەکە لەسەر بنەمای سەردان و داواکاری بۆ ئەنجامدانی دیدار بەردەوامە، بەڵام لە بڕیاری سزاداندا هاتووە، کە هەلومەرجەکانی ئیمڕاڵی دژی قەدەغەکردنی ئەشکەنجەیە و پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بەو هەلومەرجانە بهێنرێت.

 

سیاسەتەکانی دەوڵەتەکان لە ئیمڕالی بۆ تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوبووەتەوە

بەڵام ئەو دەوڵەتە، کە دەڵێت، پەیوەستە بە بە پەیماننامە نێونەتەوەییەکانەوە، ئامادە نییە بڕیاری یاسایی کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان قبوڵ بکات و هەنگاوی گونجاوی بۆ نەناوە، بەربەستی بەردەم پارێزەران و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکانیشی لانەبردووە و دەوڵەتی تورک بەردەوامیی داوە بەو دۆخی دابڕاندنە، ئەو بڕیارە نێونەتەوەییانە سەبارەت بە ئۆجالان و گۆشەگیری لە ئیمڕالی چەند گرنگتر بن، گوێنەدان و پشتگوێخستنیش لەلایەن دەوڵەتەوە بەو ڕادەیە  نایاساییتر و سیاسی تر دەبن، ئەو سیاسەتانەی دەوڵەت لە ئیمڕاڵی، سیاسەتەکانی دەوڵەت لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش نیشان دەدات، بەو سیاسەتە ئەمنییە لە جیاتی ئاشتی و سیاسەتی دیموکراتیک، لە هەموو ڕوویەکەوە قەیران و گێژاو دروست دەکات، بێگومان ئەم دۆخە لەنزیکەوە پەیوەندیی بەکێشەی کوردەوە هەیە، کە ڕەهەندی ناوچەیی و جیهانی هەیە، هەر کە بە بنبەست گەیشتن قوڵ دەبێتەوە، دۆخی گۆشەگیریش قووڵتر دەبێتەوە، بە واتایەکی تر هەتا سیستمی گۆشەگیریی بەردەوام بێت نە کێشەی کورد چارەسەر دەبێت و نە پێشکەوتنی دیموکراتیکیانە پێکدێت.

 

بەکورتی بوونی گۆشەگیری لە ئیمڕاڵی بە واتای وازهێنانە لە یاسا و مافەکان و دیموکراسی لە تورکیا، بێگومان ئەمە کاریگەریی دۆمینۆیەیی هەیە، کە زیان بە بەها ماددی و مەعنەوییەکانی کۆمەڵگە دەگەیەنێت و هەم زیانیش بە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیش دەگەیەنێت.

 

بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت لە وڵاتێک و جوگرافیایەک دا بژی، پێویستە کێشەی کورد چارەسەر بکرێت و کۆتایی بە گۆشەگیریی سەر ئیمڕاڵی بهێنرێت. بەڕێز ئۆجالان دیموکراسی و یاسای جیهانی و گەردونی وەک چوارچێوەیەکی سیاسەتی بنەڕەتی پێناسەکردووە و ئەمەش تاکە ڕێگایە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان.

 

با بڕیاری ڕێکار گرتنەبەر جێبەجێ بکرێت

ئێمە جارێکیتر بە پێداگرییەوە دووپاتی دەکەینەوە، کە ماوەی دوو ساڵە و سەرەڕای بڕیارە نێونەتەوەییەکان، دۆخی بە دەستنەگەیشتنی زانیاری کۆتایی پێ نەهاتووە و هیچ زانیارییەک لەبارەی دۆخی تەندروستی و هەلومەرجی زیندانیانی دیکە نییە، ئەمە بۆ ئێمە دۆخێکی جدی و قورسە، پێویستە ئەم نیگەرانیانە بە زووترین کات چارەسەر بکرێن، پێویستە دەستبەجێ بڕیارەکانی کۆمیتەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان جێبەجێ بکرێن و هەموو ئەو مافانەی موەکیلەکانمان، کە لە پەیماننامە و ڕێککەوتنە یاسایی و نێونەتەوەییەکاندا هەیە، بەتایبەتی سەردانی پارێزەران مسۆگەر بکرێت، بەم هۆشیاریی و هۆشمەندی و  چاوەڕوانییەوە، ئێمە ڕای گشتیی دیموکراتیک بۆ هەستیارییەکی بەرز بانگهێشت دەکەین".