ژنانی دووگیان ناتوانن دەرمان و دەرزی بەدەستبهێنن

لە هاتای کە ئاوی پاک و تەوالێت نییە، نەخۆشی لە بڵاوبوونەوە دایە و نەخۆشییە درمییەکان لە زیادبووندایە، بەهۆی دۆخی دوای بوومەلەرزەکەوە، ژنانی دووگیان ناتوانن دەستیان بە دەرمان و ڤاکسینەکانیان بگات.

هاتای

 

لەو پارێزگایانەی کە بوومەلەرزەکەی تێدا ڕوویداوە، دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک و ژینگەیەکی پاک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەختتر دەبێت، لە سەنتەری شاردا ئاودەستی گەڕۆک لەلایەن خەڵکێکی زۆرەوە بەکاردەهێنرێت و ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، هاتای یەکێکە لەو شارانەی پێویستییە سەرەتاییەکان نەماون و ئەمەش کاریگەری سەرەکی لەسەر ژنان هەیە، چونکە بەهۆی نەبوونی ژینگەی تەندروست و پێداویستی سەرەتایی، ژنان تووشی نەخۆشی هەوکردن و هەوکردنی بۆری میز دەبن، ژنانی دووگیان کە لە شارەکەدا دەژین، دەستیان بە کوتان و پشکنین و دەرمان ناگات.

 

یارەن دۆلگەر، پەرستار، چەند ڕۆژێکە سەردانی هاتای و گوندەکانی دەکات و پشکنینی تەندروستی دەکات، باسی لەوەکرد، کە هاوکاری ژنان دەکات بۆ دابینکردنی پاکوخاوێنی و دابینکردنی دەرمان بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، وتیشی: لێرە کێشەیەکی گشتی پاکوخاوێنی هەیە، چونکە ئاو بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، کەمی جلی ژێرەوە و بە سەختی دەستگەیشتن بە پێداویستییەکانی ژنان، نەخۆشی هەوکردنی لەناو ژناندا زیادکردووە، ئێمە هاوکاری ژنان دەکەین و هەوڵدەدەین پادی تەندروستی و جلی ژێرەوە و ئاویان بۆ دابین بکەین، ئێمە وەک خۆبەخش هەوڵدەدەین بە چوون بۆ گوندەکان یارمەتی خەڵک بدەین، لە ناوەنددا دەستگەیشتن بەو جۆرە شتانە ئاسانترە، بەڵام بۆ گوندەکان قورسترە.

 

"ئەو دەرمانانەی کە بۆ تا و کۆکە بەکاردەهێنرێن بەس نین"

یارەن دۆلگەر باسی لەوەشکرد، کە نەخۆشییەکانی وەک پەتا و هەڵامەت ڕوو لە زیادبوون دەکەن و دوای ماوەیەک چارەسەری دەرمانەکان کاریگەری نابێت، وتیشی: بەهۆی کێشەی پاکوخاوێنی، زیاتر ڕووبەڕووی پەتا و هەڵامەت و نەخۆشییەکان دەبینەوە، جگە لەوەش هەوڵدەدەین جلوبەرگ بۆ نەخۆشە بریندارەکان دروستبکەین، خەڵک لە هیچ بارودۆخێکدا دەستیان بە ئاودەست و ئاوی پاک ناگات، هەر بۆیە ناتوانن خۆیان بپارێزێن، چونکە شوێنی خەوتن نییە، هەمیشە لەسەر زەوی دەخەون، ئەمەش گواستنەوەی نەخۆشیەکان زیاد دەکات، ئێمە هەوڵ دەدەین بە دەرمان ڕێگری لەم شتە بکەین، بەڵام دوای خاڵێک وا دیارە کە ئەمە بەس نییە،  خەڵک لێرە پێویستیان بە ئاو و پاکوخاوێنی هەیە.

 

"ژنانی دووگیان ناتوانن دەستیان بە دەرمان و ڤاکسین بگات"

یارەن دۆلگەر ڕوونیشیکردەوە، ئەو ژنانەی دەستیان بە ئاو و ئاودەست ناگات لە سروشتەوە پێداویستییەکانیان بەدەستدێنن و ئەمەش دەبێتە هۆی تووشبوون بە هەوکردن، بەتایبەت بۆ ژنانی دووگیان دۆخەکە سەختترە، چونکە ناتوانن دەرمان و ڤاکسینەکانی تایبەت بە سوڕی دووگیانی بەدەستبهێنن، وتیشی: ئێستا نازانم چ ڕێکارێک گیراوەتەبەر، ببەڵام ناتوانین متمانە بە ئاوی بۆرییە کۆنەکان بکەین کە ئێستا پێیدا دێن، نازانین حکومەت چی دەکات، بەڵام هیوادارم ئەوانیش ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر، ژنان زیاتر پێویستییان بە پاکوخاوێنی هەیە، وەکو پادی تەندروستی و جلی ژێرەوە و ئاو و شامپۆ، لێرە ژنی دووگیان زۆرن و ناتوانن پشکنین و کوتانی پێویست بکەن، پێویستە هەوڵبدرێت بۆ دابینکردنی دەرمان و ئاوی پاک، نەخۆشخانەی مەیدانی هەیە، بەڵام هەموو کەسێک ناتوانێت دەستیپێبگات.