بەیاننامەی هاوبەشی ژنانی ورمێ بە بۆنەی ٨ی ئادار
لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی ٨ی ئادار، ژمارەیەک لە ژنانی ئازادیخوازی ورمێ بەشێک لە داواکارییەکانی ژنانیان خستەڕوو.
ناوەندی هەواڵ
بە بۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان، ژمارەیەک لە ژنانی ورمێ بەیاننامەیەکیان سەبارەت بە داخوازییەکانی ژنانی کورد، تورک، ئەرمەنی و ئاشووری بڵاوکردەوە.
لەم بەیاننامەکەدا، جەختکردنەوە لەسەر خەباتەکانی ژنان و "فۆکۆسی سەرەکی ژنان" لە شۆڕشی ژینادا بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کە بڕیارە کۆتایی بە "ژنکوژی یاسایی و دادوەری، حکومی و سیستماتیکی" بهێنێت و بەو پێیەش تەواوی کۆمەڵگا بۆ ڕزگارکردنی ئێران لە "ستەمکاری و هەڵاواردن"، ڕایانگەیاند کە دەیانەوێت "ئازادی داپۆشین، هەڵوەشاندنەوەی حیجابی ناچاری، ئازادی ڕادەربڕین، هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی جیاکاری ڕەگەزی لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگ، جیاکردنەوەی ئایین لە حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری و پەروەردە، ئازادی بیروباوەڕ و ڕادەربڕین، ئازادی ئایین، نائایینی و هەڵوەشاندنەوەی ئایینی فەرمی، یەکسانی بێ مەرجی ژن و پیاو لە ئاستی یاسایی و چالاکی کۆمەڵایەتی، ئەکادیمی، سیاسی، ئابووری و دادوەری چ لە هەڵبژاردن و چ لە ڕادەستکردنی پۆستەکان، تاوانبارکردن و جێبەجێکردنی سزای یاسایی بۆ هەر جۆرە توندوتیژی و ئازاردانی جەستەیی و دەروونی و زارەکییەک، هەر جۆرە دوورخستنەوەو سەپاندنی سنووردارکردن بەسەر ژنان لە هەر بوارێکدا و بە هەر هۆکارێکی ئایینی و نەریتی و پیاوسالاری و شەرەفمەندانە، تاوانبارکردن و. جێبەجێکردنی سزای یاسایی بۆ کوشتنی شەرەف، قەدەغەکردنی هاوسەرگیری منداڵان و هاوسەرگیری منداڵانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ" پەیڕەو بکرێت.
لە کۆتاییدا، وێڕای پشتیوانی لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، ئاماژەیان بەوەدا، "بە مانیفێستی ژن، ژیان، ئازادی، هەنگاوێکمان بەرەو شۆڕشی ژنانی ئێران ناوە، شۆڕشێک کە نەک تەنیا لە ئێراندا کاریگەرییەکی هەیە، بەڵکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت جیهانیشدا ڕێگە بۆ شۆڕشێک خۆشدەکات کە چیتر ڕێگە نادات ناسنامەی مرۆیی ژن، کەرامەت و شەرەفی ژن، بیر و جەستەی ژن بە موڵکی پیاو و خێزان و دەوڵەت و وڵات بزانرێت.