ئەنجومەنی پەروەردە و ئەکادیمیاکانی ژنان لە دژی ژەهراوی بوون بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە

ئەنجوومەنی پەروەردە و ئەکادیمیاکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەیاننامەیەکی نووسراوی دژ بە ڕووداوەکانی ژەهراویکردنی خوێندکاران لە ئێران بڵاو کردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

حاڵەتەکانی ژەهراوی بوونی خوێندکارانی کچ لە ئێران بەردەوامە و ئەندامێکی کۆمیسیۆنی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نێودەوڵەتیی ئەنجومەنی شورای ئیسلامیی ئێران ڕۆژی ٢ی ئادار ڕایگەیاند کە لەم دواییانەدا زیاتر لە ٩٠٠ خوێندکاری کچ ژەهراوی بوون. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتووە، دوێنێ لە ئامادەییەکەدا ٢٦ خوێندکاری کچ ژەهراوی بوون، ئەوەش زانراوە کە ژمارەی ئەو قوتابیانەی ژەهراوی بوون بەرزترە.

 

ئەنجومەنی پەروەردە و ئەکادیمیاکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەیاننامەیەکی دژ بە ڕووداوەکانی ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ لە ئێران بڵاوکردەوە و سەرنجی بۆ سیاسەتەکانی حکومەتی ئێران بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕاکێشا.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ "زیاتر لە ٤ مانگە ڕاپەڕینی خەڵک لە سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە دروشمی "ژن ژیان، ئازادی" و بە پێشەنگایەتی ژنان بەردەوامە، لە بەرامبەر ئەم بەرخۆدانەدا، توندوتیژی و کوشتن و سێدارە لە ئاستێکی بەرزدایە، بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لە ماوەی ٢ مانگی ڕابردوودا ٩٤ کەس لە کورد، ئەهواز عەرەب و بەلوچییەکان لەسێدارەدراون، بەو واتایەی کە ڕژێمی ئێران لە هۆشیاری ئایینی و ڕەگەزپەرستانەی خۆیدا پێداگرە، لە هەمان کاتدا لە بەرامبەر هاواری کۆمەڵگەی ژنانی ئێرانیدا، ئازادی ڕۆژانە بە هەموو شێوەیەک بۆ چالاکوانان پێشێلدەکرێت تاوەکوو لەسەر داواکارییەکانیان پاشگەز ببنەوە.

 

ئەمەش زیاتر لەسەر ژنان و بەتایبەتی ژنانی زانا و خوێندکارانی زانکۆ و قوتابخانەکان ئەنجام دەدرێت، دوایین حاڵەتی ژەهراوی بوونی خوێندکارە کچەکانی قوتابخانە و زانکۆکان کە ڕۆژانە سەدان خوێندکار دەچنە نەخۆشخانەکان لە سنووری پارێزگای ئەردەبیل، ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی ڕایگشتیدا دروستکرد و هەموو لایەک دڵتەنگی خۆیان بۆ ئەم ڕووداوە دەربڕی، بەڵام بەداخەوە هیچ دامەزراوەیەکی مافی مرۆڤ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا تا ئێستا بە شێوەیەکی جددی دەستوەردانی نەکردووە.

 

ئێمە وەک ئەنجومەنی پەروەردە و ئەکادیمیاکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە توندی ئیدانەی ژەهراویکردنی کچە خوێندکاری قوتابخانە و زانکۆکانی تاران و ئەردەبیل لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەکەین، ئێمە داوا لە یونیسێف و هەموو دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە بە خێرایی دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی کردەوەکانی ڕژێمی ئێران لە دژی قوتابیانی کچ لە قوتابخانە و زانکۆکان، داوا لە هەموو خەڵکی ئازادیخواز و ڕۆشنبیران و پیرانی کۆمەڵگە دەکەین، کە دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە دژی ئەم کردەوانە".