منداڵێکی کچ بە ئەنفلۆنزای باڵندە لە کەمبۆدیا گیانی لەدەستدا

منداڵێکی کچی تەمەن ١١ ساڵ لە کەمبۆدیا بەهۆی یەکەم کەیسی ئەنفلۆنزای باڵندەی ناسراو گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی تەندروستی کەمبۆدیا ئاشکرای کرد، پشکنینی ئەنفلۆنزای باڵندە بۆ ئەو منداڵە کچە ١٢ ساڵەی هەفتەی ڕابردوو تووشی تایەکی بەرز و کۆکە و قوڕگ ئیشە ببوو، لەگەل ١٢ کەسی دیکە لە خیزانەکەی کرا و ئەرێنی دەرچوو.

 

لە ڕۆژی پێنج شەممە، وەزیری تەندروستی وڵاتەکە ئاماژەی بەوەکرد کە ئەوە یەکەم نەخۆشی ناسراوی مرۆڤ بوو بە نەخۆشی "H5N1" لە کەمبۆدیا لە ساڵی ٢٠١٤ەوە.

 

ئەو منداڵە کچە کە لە گونددا دەژیان، گەیەنرایە نەخۆشخانەی منداڵان، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم دوای دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە گیانی لەدەستدا.

 

بەرپرسان لە نزیک ئەو گوندەی کە مندالەکەی لێ دەژیا، نمونەی چەند باڵندەی مرداربوویان کۆکردووەتەوە بەرپرسانی تەندروستیش هۆشدارییان دا بە دانیشتوان کە دەست لە باڵندە مردووەکان یان نەخۆشەکان نەدەن.

 

کەمبۆدیا دوایین حاڵەتی ئەنفلۆنزای باڵندەی لە ساڵی ٢٠١٤ تۆمار کرد،  ٥٦ حاڵەتی مرۆڤ لە هەوکردنی "H5N1" تۆمار کرد، کە ٣٧ حاڵەتیان کوشندە بوون، لەسەر ئاستی جیهانیشدا نزیکەی ٨٧٠ حاڵەتی تووشبوون و ٤٥٧ حاڵەتی مردن لە ٢١ وڵاتدا لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تۆمار کراوە، بەڵام لە ماوەی ٧ ساڵی ڕابردوو ڕێژەکە کەمی کردووە و نزیکەی ١٧٠ حاڵەتی تووشبوون و ٥٠ حاڵەتی مردن هەبووە.