"ژەهراویکردنی بە ئەنقەست" ٢٥ خوێندکاری دیکەی کچ ژەهراوی بوون

حاڵەتەکانی ژەهراویکردنی خوێندکارە کچەکان لە شاری قوم بەردەوامە و ٢٥ خوێندکاری دیکەی ژن ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون، داواکاری گشتی ئێرانیش پشتڕاستی کردەوە کە حاڵەتەکانی ژەهراویبوون "پێدەچێت بە ئەنقەست" بێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەی زیاتر لە سێ مانگە حاڵەتەکانی ژەهراویبوون لەناو خوێندکارە کچەکاندا دووبارە دەبێتەوە، دوێنێ، ٢٠ی شوبات، ٢٥ خوێندکاری کچ لە قوتابخانەکانی قومەوە بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە.

 

هەرچەندە سێ مانگ بەسەر دەستپێکردنی ژەهراویکردنی خوێندکارە کچەکان لە قوتابخانەکانی قوم تێپەڕیوە، بەڵام هەفتەی ڕابردوو وەزیری پەروەردە هەواڵەکانی پەیوەست بەم حاڵەتەی بە "دەنگۆ" پێناسەکرد و ڕایگەیاند، بەشێک لە خوێندکارە کچەکان بەهۆی "نەخۆشی پێشووەوە خەوێندراون.

 

هەر دوێنێ، داواکاری گشتیی ئێران ڕایگەیاند کە ئەم ژەهراویکردنانە "بە ئەگەرێکی زۆرەوە بە ئەنقەست بوون" و داوایکرد کە دۆسیەکە "لێکۆڵینەوەی لێبکرێت و تاوانباران سزا بدرێن.

 

ئەو قسانەی داواکاری گشتیی ئێران لە کاتێکدایە کە نەفیسە مورادی، توێژەر، سەبارەت بە کەیسەکانی ژەهراویبوون وتی: لە ئێستادا ئەقڵیەتی تاڵیبان سەبارەت بە مافەکانی ژنان لە قوم دەبێ بە یەکێک لە هەڕەشە و مەترسییەکان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی.

 

ئەو ڕوونیشیکردەوە کە ئامانج لە حاڵەتەکانی ژەهراویبوون بریتییە لە "بڵاوکردنەوەی ترس و تیرۆر لەناو کچان و خێزانەکانیان و ڕێگریکردنە لە خوێندن"، ئاماژەی بەوەشکرد، لە شارەکانی قوم و مەشهەد کە حکومەتی ئێران بە شاری ئایینی دەزانێت و بەرەوپێشبردنی ڕادیکاڵی ئایدۆلۆژی دەزانێت، نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر، خوێندکارە ژنەکان ناڕەزایەتیان دەربڕی و دروشمیان لەناو قوتابخانەکاندا دەوتەوە، بۆیە زنجیرەیەک حاڵەتی ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ ئەنجامدرا.