دوای ١٣ ڕۆژ لە بوومەلەرزەکە... ژمارەی گیانلەدەستدان ٤٦ هەزار کەسی تێپەڕاند

دوای ١٣ ڕۆژ لە بوومەلەرزەکانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سوریا، ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ زیاتر لە ٤٦ هەزار کەس بەرزبووەوە و سەدان هەزاری دیکەش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە دەوڵەتی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی گیانلەدەستدانەکان بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە بۆ ٤٠ هەزار و ٦٤٢ کەس بەرزبووەتەوە، جگە لەوەش بە سەدان هەزار کەس برینداربوون و هەزارانی دیکەش هێشتا بێسەروشوێنن.

 

سەرباری ئەوەی هێشتا هەزاران کەس لەژێر داروپەردووی بینا و باڵەخانە ڕووخاوەکاندا ماون، بەڵام هەڵمەتەکانی دۆزینەوە و ڕزگارکردنی بێسەروشوێنان بە سستیی بەڕێوەدەچێت و تیمەکانی دەوڵەتی تورک بەهانای هاوڵاتیانیانەوە ناچن.

 

ئەمڕۆش دوای ٢٩٦ کاتژمێر لە بومەلەرزەکە، سێ کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی ڕووخاودا لە شاری دیلۆکی باکووری کوردستان بە زیندوویی دەرهێندران.

 

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، بوومەلەرزەکان زیاتر لە ١٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونیان لە پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بەتەواوەتیی خاپوور کردووە.

 

هاوکات لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا تائێستا ژمارەی گیانلەدەستدان بە بوومەلەرزەکە بۆ زیاتر لە هەشت هەزار کەس بەرزبووەتەوە، جگە لەوەش ١٤ هەزار و ٧٤٩ کەس بریندار بوون و ١٠ هەزار و ٧٤٣ ماڵ و باڵەخانەش زیانیان بەرکەوتووە.

 

بەپێی ئامارەکانی حکومەتی سوریا، لە ئەنجامی ئەو بومەلەرزەیەدا ١٨١ هەزار و ٩٤٣ کەس تاوەکو ئێستا ئاوارەبوون.