ژنێکی گەنج بێسەروشوێنە و منداڵە ڕزگاربووەکانیش چارەنووسیان نازانرێت
ئەو منداڵانەی لە بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان ڕزگاریان دەبێت، بەناوی نەخۆشخانەوە بێسەروشوێن دەکرێن و ژنێکی گەنجی ٣٠ ساڵیش دوای ڕزگاربوونی بە برینداری، تا ئێستا چارەنووسی نازانرێت.
ناوەندی هەواڵ
دوای ٦ی شوبات و بوومەلەرزە کارەساتبارەکەی مەڕەش و دیلۆک، ژیان لە باکووری کوردستان و تورکیا گۆڕا بۆ دۆخێکی نائاسایی و زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە بە هەزارانیان گیانیان لەدەستدا و بە ملیۆنان کەسیش کاریگەربوون و بێ ماڵ و حاڵ بوون.
دەوڵەتی تورکیا سەرەڕای ئەو بوومەلەرزە بەهێزە، لەکاتی خۆیدا نەگەشتە شوێنی ڕووداوەکان و بەشێک لە ناوچەکانی مەڕەش، هاتایی، عوسمانییە، ئادیامان و ئەلبیستان تا ئیستا تیمە فریاگوزارییەکانی ئافادی بۆ نەگەشتووە، گەلی باکووری کوردستانیش لە میدیاکانەوە بەرهەڵستی دەوڵەت دەکەن و دەڵێن: "نە ئافاد و نە دەوڵەت لێرە نییە، ئێمە لێرە دەمرین و کەس نایەت بە هانامانەوە"، تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، کە بە هەوڵەکانی دەیەوێت زیانەکانی بوومەلەرزەکە بشارێتەوە، لە لێدوانە میدیاییەکانیەوە دەڵێت، "هەندێ بێ نامووس دەڵێن کەسمان لە هاتای نەبینیوە، ئەوانە درۆ و بوختان دەکەن و ئێمە لە ڕۆژی خۆیدا دەزانین چیان لێدەکەین، دادوەرەکانمان هەرچی زووە دۆسیەیان لەسەر ئامادە دەکەن"، هاوکات زۆرێک لەو منداڵانەی کە لەژێر پەردووەکاندا ڕزگار دەکرێن، بە ناوی نەخۆشخانەوە دەبرێنە شوێنی نادیار و چارەنووسیان نازانرێت، بۆ گەنجەکانیش هەمان دۆخ بوونی هەیە.
یەکێک لەو کەسانەی بێ سەروشوێن بووە، ئایشەگوڵە کە تەمەنی ٣٠ ساڵە و پاش تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک بەسەر بوومەلەرزە بەهێزەکەی ٦ی شوباتدا دوای چەند کاتژمێرێک لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا بە برینداری دەرهێندرا، بەڵام لەو کاتەوە بێ سەروشوێنە و هیچ زانیاری و هەواڵێک لەبارەیەوە نییە.
یوسف کارلی برای دەڵێت: دەمانەوێت بەمان و نەمان چارەنووسی خوشکەکەم بزانین.