قوربانیانی بوومەلەرزەکە لە سوریا گەشتووەتە ٢ هەزار و ٩٩٨ گیان لەدەستدان
ئاماری قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات تا دێت بەرزدەبێتەوە، لە سوریا ٢ هەزار و ٩٩٨ کەس گیانیان لەدەستدا و ٥ هەزار و ١٩٢ کەسیش بریندار بوون.
ناوەندی هەواڵ
بەهۆی بومەلەرزەكەی ٦ی شوبات کە ناوەندەکەی شاری مەڕەشی باکووری کوردستان بوو، زیانێکی زۆر بە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا گەشت، بەپێی زانیارییەکان ٣٧٥ باڵەخانە بە تەواوی ڕووخاون و هەزار و ٢٠٠ باڵەخانە بەشێكیان ڕووخاون، هاوکات بەهۆی مەترسی دووبارە بوونەوەی بوومەلەرزە و هەڵوەشانی بەشێک لە ماڵ و باڵەخانەکانەوە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار كەس ئاوارەبوون.
بەپێی ڕاگەیەندراوی دوێنێی وەزیری تەندروستی حکومەتی دیمەشق، لەو ناوچانەی دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشق، هەزار و ٢٦٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و ٢٨٥ کەسیش بریندار بوون.
بەپێی ئاماری دەستەی تەندروستی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە ناوچەکانی سنوری خۆبەڕێوەبەری ٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٥٧ کەسیش برینداربوون.
لە ناوچەکانی ژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سوریا هەزار و ٧٣٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە دوو هەزار و ٨٥٠ کەسیش بریندار بوون. تا ئێستاش سەدان خێزان لەژێر داروپەردوودا ماونەتەوە و ڕەنگە کارەساتەکە خراپتر بێت.
بەکۆی گشتی لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا ٢ هەزار و ٩٩٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٥ هەزار و ١٩٢ کەس بریندار بوون و زیاتر لە ٣٠٠ هەزار خێزانیش ئاوارەبوون.