گیان لەدەستدانی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا بۆ زیاتر لە ١٢ هەزار بەرزبووەوە
ئافاد لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، تا کاتژمێر ٣:٠٠ی ڕۆژی ٩ی شوبات ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکە لە باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتە ١٢ هەزار و ٣٩١ کەس.
ناوەندی هەواڵ
تا دێت ژمارەی گیان لەدەستدان و بریندارانی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات کە ناوەندەکەی مەڕەشی باکووری کوردستان بوو زیاد دەکات، بوومەلەرزەکە ١٠ شاری گرتەووە و ویرانکاری گەورەی لە باکووری کوردستان و تورکیا، ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا بەدوای خۆیدا هێنا.
بەڕێوەبەرایەتی کارەساتەکان و فریاکەوتن "ئافاد" ڕایگەیاند کە ژمارەی گیان لەدەستدانی بوومەلەرزەکە تا کاتژمێر ٣:٠٠ی ڕۆژی ٩ی شوبات گەیشتووەتە ١٢ هەزارو ٣٩١ کەس.
ئافاد ڕاشیگەیاندووە، دوای بوومەلەرزەکە یەک هەزار و ٥٢ بوومەلەرزەی دیکە ڕوویداوە، هەروەها ژمارەی بریندارانی ڕووداوەکە گەیشتووەتە ٦٢ هەزار و ٩١٤ کەس.