"ئەمە کارەساتی بومەلەرزە نییە، کارەساتی دەوڵەتە"

گوڵستان کلچ کۆچیگیت ، پەرلەمانتاری هەدەپە ئەندامی شاندی هەدەپەیە لە ناوەندی مەڕەشی باکووری کوردستان، وتی: ئەوەی تێیدا دەژین تەنها بومەلەرزەیەک نییە، بەڵکو کارەساتی ئاکەپە و دەوڵەتە.

سەرپیل ساڤوملو

 

ناوەندی هەواڵ-لە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات کە کاتژمێر ٤:١٧ خولەک بە گوڕی ٧.٧ پلەی ڕێختەر لە ناوچەی بازاڕجیخی مەڕەش ڕوویدا، لە ناوچەی ئەلبیستان کاتژمێر ١:٢٤ خولەکی نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ بوومەلەزەیەکی دیکە بە گوڕی ٧.٦ ڕوویدا و دەیان باڵەخانەی دیکە ڕووخان، ژمارەی ئەو کەسانەی کە ژیانیان لەدەستدەدەن تا دێت زیاتر دەبێت، لە زۆرێک لەو ناوچانەی کە وێران بوون هیچ هاوکارییەک لە دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە نەبوو، لە سێیەمین ڕۆژی بوومەلەرزەکەدا هاوڵاتیان بە دەرفەتەکانی خۆیان هەوڵی گەڕان و ڕزگارکردن دەدەن.

 

ئەو کەسانەی کە بەهۆی وێرانکاری بوومەلەرزەکە زیانیان بەرکەوتووە لە ژێر کەشوهەوای خراپدان و پێویستییەکانی وەک بەتانی و خواردنی گەرم و چادر نانێردرێن، خەڵک شەوەکانیان لە ئۆتۆمبێلەکان یان پارکەکاندا بەسەر دەبەن و چاوەڕوانی مانەوە دەکەن، چونکە کێشەی سووتەمەنی لە هەرێمەکەدا هەیە و دابینکردنی بەنزین ئەستەمە، ئەوانەی دەیانویست شارەکان بەجێبهێڵن لەسەر ڕێگاکان ماونەتەوە، بڵاوکراوەتەوە کە بەشێک لە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە کە گەیەنراونەتە نەخۆشخانە بەهۆی کەمی کارمەندانی تەندروستییەوە گیانیان لەدەستداوە،

 

"بینا نا، دەوڵەت هەڵوەشاوە"

گوڵستان کلچ کۆچیگیت ، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپەی موش،

دەربارەی بوومەلەرزەکە وتی: ئەو کارەساتەی ئێمە تێیدا دەژین تەنها بومەلەرزە نییە، بەڵکو کارەساتێکی ئاکەپەیە، ئەمە کارەساتێکی دەوڵەتییە، دەوڵەت لە دۆخێکی داڕماندایە، نەک تەنها بیناکان ڕووخاون هیچ دەوڵەتێک لەوێ نییە، هیچ کارێکی ڕزگارکردن نییە، بەڕاستی پێمان سەیرە کە لە بری پۆلیس و سەرباز و پاسەوانی گوندەکان، خەڵک کاردەکەن و گەڕان و ڕزگارکردن دەکەن، ئەوان لەکوێن و چی دەکەن؟ هەزاران بینا ڕووخاوە و هەزاران کەس لە ناوچوون.

 

"خەڵک لە سەرمادا دەمرن"

گوڵستان کلچ کۆچیگیت ڕایگەیاند، کە قوربانیانی بوومەلەرزەکە شەویان لە دەرەوە بەسەربردووە و لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: تەنانەت ئەگەر هیچ نەبێت، ئەگەری لەدەستدانی خەڵک بەسەرما زۆر بەرزە، هەر کاتژمێرێک دەڕوات، ئەم مەترسیە زیاتر دەبێت، ئەمە مانای هەزاران مردنە، ناتوانم ڕستەیەک ببینم بۆ وتن، لە لێدوانەکانی وەزیرەکاندا بێ شەرمانە دەڵێن: نەک بینا، خەڵک لە کاتی هەڵاتن لە بیناکاندا گیانیان لە دەستداوە" دەبینین لە وڵاتێکدا کە ماوەیەکی زۆرە بوومەلەرزە هەیە، هیچ ئامادەکارییەک بۆ بوومەلەرزەکە نەکراوە.

 

سولەیمان سۆیلو لە کوێیە؟

گوڵستان کلچ کۆچیگیت ئاماژەی بەوەکرد کە سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا ئامادە نییە وتی: ئەو وەزیرەی لە هەموو شوێنێک قسە دەکات قسە لەسەر ئێمە و ئۆپۆزسیۆن دەکات، ئەو کەسەی ئێستا بەرپرسیارە لە دابینکردنی هاوکارییەکان و نادیارە، خەڵک ناتوانن لە ڕێگاکان خۆیان بگەیەنن یارمەتی لە ڕێگاکانەوە ناگات، ئێستا تیمەکانی تەندروستی لە ئیستەنبوڵەوە لە ساکاریا و شارە جیاوازەکانەوە لە ئەدەنە دادەندرێن، هیچ هەماهەنگییەک نییە بۆ چوون بۆ سەمسور و هاتای، ئەوانەی دەچن بۆ یارمەتی لە بارۆدۆخێکی خراپدان، هیچ خواردنێکیان نییە و هیچ شوێنێکیان نییە بۆ مانەوە، ئەمە دۆخێکی سامناکە، کارەساتێکە، بەڵام ئەو کارەساتەی تێیدا دەژین تەنها بوومەلەرزەیەک نییە، بەڵکو کارەساتێکی ئاکەپەیە.

 

"لە ئەنجامی دامەزراندنی قەیومەکان گیان لەدەست دەدەین"

گوڵستان کلچ کۆچیگیت لە وەڵامی پرسیاری کە ئایا "شارەوانی ئامەد کە قەیوم بەڕێوەی دەبات چی دەکات؟ وتی: ئەگەر لە شارەوانییەکانی ئێمە قەیوم دانەندرایە، ئەوا دەگەشتینە هەموو شارەوانیەکانمان و لە هەموو شارەکانی دەوروبەرمان چادرمان دادەنا، بەلایەنی کەمەوە ئێمە دەرفەتی ئەوەمان هەبوو کە خواردن و بەتانییان پێ بدەین، ئەمڕۆ ئێمە وەک هەموو گەل باجی ئیفلیجکردنی دامودەزگا خۆجێییەکان و دانانی قەیوم دەدەین و گیان لەدەست دەدەین، بینیمان کە شارەوانی قەیوم هیچ شتێک ناکات.