هەڵوەشاندنەوەی ناسنامە و غەرامە... فشاری چەسپاندنی حیجابی زۆرەملێ

دەسەڵاتدارانی ئێران سزای زیاتر بەسەر ئەو ژنان و کچانەدا دەسەپێنن کە پابەند نین بە حیجابی ناچارییەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە پێشێلکارییەکی نوێی مافی ژناندا، سەرۆکی لێژنەی قەزایی لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند کە ڕێکاری زیاتر بۆ چەسپاندنی حیجابی ناچاری زیاد دەگرنەبەر، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ناڕەزایەتییەکانی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە سەریهەڵداوە.

 

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیایەکی ناوخۆی ئێران، موسا غەزنفەر ئابادی، سەرۆکی لێژنەی دادوەری لە پەرلەمانی ئێران، دوێنێ ٣ی شوبات ڕایگەیاند، لە ڕێگەی پلانێکەوە حیجابی ناچاری دەسەپێنرێت و بەم زوانەش پلانەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

ڕوونیشیکردەوە، بەم نزیکانە نامەیەکی کورت بۆ ئەو کەسانە دەنێردرێت کە حیجاب لەبەر ناکەن و ئاگادار دەکرێنەوە پابەندی حیجاب بن، هەروەها ئەگەر ئەو کچ و ژنانە پێداگری لەسەر هەڵوێستەکەیان بکەن، ئەوا غەرامە دەکرێن، کارتی نیشتیمانییان قەدەغە دەکرێت و لە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان ڕەتدەکرێنەوە، تا دەگاتە غەرامە کردن.

 

بە وتەی سەرۆکی لێژنەی قەزایی لە پەرلەمانی ئێران، یاسای چاودێریکردنی باڵاپۆشی لەناو ئۆتۆمبێلەکاندا وەک پێشتر لە بەرنامەی کاردایە و ڕوونیشیکردەوە کە نامەی کورت وەک جاران بۆ ئەو کەسانە دەنێردرێت کە پابەند نابن.

 

جێگای سەرنجە کە دەسەڵاتدارانی ئێران گەڕاونەتەوە بۆ ناردنی نامەی کورت بۆ هاوڵاتیانی ژن سەبارەت بە حیجاب هاوشێوەی ماوەیەک لەمەوبەر، دوای ئەوەی هەڵوەشاندنەوەی حیجابیان ڕاگەیاند بۆ ڕێگریکردن لە ناڕەزایەتییەکان کە زیاتر لە پێنج مانگە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەردەوامە.