نگین ڕۆستەمی لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە ئاگری تێبەردرا
نگین ڕۆستەمی خەڵکی سنە، قوربانی توندوتیژی خێزانییە و هاوسەرگیریییە لە منداڵیدا، بۆ جاری سێیەم هاوسەرگیری کردووە و چەندین جار لەلایەن هاوسەری پێشوویەوە هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە، هەفتەی ڕابردوو لە حەوشەی ماڵەکەیدا لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە ئاگری تێبەردرا.
هیما ڕاد
سنە- نگین ڕۆستەمی خەڵکی شاری سنەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاتێک تەمەنی ١٢ ساڵ بووە، بەهۆی لێدان و هەڕەشەی باوک و دۆخی توندوتیژی خێزانەکەیەوە ناچار بووە لە تەمەنێکی منداڵدا هاوسەرگیری بکات، بەڵام ئەو پیاوەی هاوسەرگیری لەگەڵ کرد، لە باوکی خراپتر بوو، بۆیە ئەگەرچی کچێکی هەبوو، ناچار بوو جیاببێتەوە.
نگین دەگەڕێتەوە ماڵی باوکی، چونکە ژنێک بەو حاڵەوە مافی خوێندن و تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگەی نەبوو، بۆ ئەوەی لەم دۆخە ڕزگاری ببێت، کە خێزانێکی ٨ کەسین و لە تاکە ژوورێکدا لەگەڵ دایک و خوشکەکانیدا وەک کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا، دووبارە ناچار بە هاوسەرگیری دووەم کرا.
بۆ جاری دووەم ڕازی دەبێت هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێک بکات بە ناوی "ا. م."ی خەڵکی گوندی سالیانە و لە شاری سنە دەژیا، لەگەڵ ئەو پیاوەشدا نگین ڕووبەڕووی هەڵسوکەوتی ناشیرین و ئەشکەنجەی پیاوەکە و بنەماڵەکەی دەبێتەوە، ئەگەرچی سێ منداڵی هەبوو بەڵام هێشتا وەک زیندانییەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرا و بەهۆی قورسی توندوتیژییەکانەوە، نگین ناچار لە ماڵ هەڵدێت، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ پەناگە و شوێنی نییە بۆ ئەوەی بمێنێتەوە، ماوەیەک لە ماڵێکی سەلامەت دەبێت و بڕیاری جیابوونەوە دەدات، سەرەڕای هەموو ئەشکەنجەکان، "ا. م." ڕازی نابێت بە جیابوونەوە، تا لە کۆتایدا نگین سەرکەوتوو دەبێت.
نگین بۆ جاری سێیەم هاوسەرگیری دەکات و دۆخی لەبارترە بۆ ژیان و دڵخۆشە، لەگەڵ هاوژینەکەی لە گوندی نەی سەر بە مەریوان دەژین، بەڵام ئەو خۆشبەختییە تەنها دوو مانگی خایاند، چونکە ئەو پیاوەی پێشتر هاوسەرگیری لەگەڵ کرد "ا. م." هەڕەشەی لێدەکات و بە وتەی نگین بە دەمانچە هەڵیکوتاوەتە سەری و وتوویەتی"مەرگی تۆ بە دەستی من دەبێط، ڕۆژێک دەتکوژم".
تا ڕۆژی ٢٣ی کانوونی دووەم لە گوندی نەی، نگین کاتێک لە حەوشەی ماڵەکەیدا دەست و دەموچاوی دەشۆرد، بێ ئاگا لە هەموو شتێک، لەلایەن پیاوێکی دەموچاو داپۆشراوەوە هێرشی کرایە سەر، پیاوەکە بەنزینی ڕشت و ئاگری تێبەرداوە و هەڵات، نگین لەکاتی بردنی بۆ نەخۆشخانەی سنە بە پەرستارەکان و خەڵکی دەوروبەری دەڵێت کە پیاوێکی کورت و دەموچاوێکی داپۆشراو هەوڵی سووتاندنی داوە، هەروەها مێژووی هەڕەشەکانی پێشووی ئاشکرا دەکات.
ئێستا، نگین ڕۆستەمی لە بەشی سووتاوی نەخۆشخانەی کەوسەرە لە شاری سنە و ٪٩٥ی سووتاوە و باری تەندروستی ناجێگیرە، ئەگەری مردنیشی لە هەر ساتێکدا هەیە.
بە وتەی کەسوکارەکەی، دۆسیەکە بەردەوامە و بە شێوەیەکی یاسایی بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و بەپێی زانیارییەکان بکوژەکە چەرخەکەی بەجێهێشتووە، لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت بۆ دۆزینەوەی پەنجەمۆرەکانی.