هاواری ئازادی ١٣١ ڕۆژە دەنگ دەداتەوە

لە مانگی پێنجەمی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ناڕەزایەتیی خەڵک لە دژی ڕژێمی تۆتالیتاری ئێران بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەی زیاتر لە چوار مانگە بڵێسەی شۆڕشگێڕانەیەی، کە بە مەرگی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، هێشتا دەسووتێ و خۆپیشاندەران لە بەردەم سەرکوت و کوشتنی ڕژێم بە شێوەی جۆراوجۆر وەستاونەتەوە و ناڕەزایەتی نیشاندەدەن.

 

سەرەڕای سەرکوتکردن و زیندانیکردن و سزای قورس بەسەر ئازادیخوازان و بە میلیتاریزەکردنی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێشتا ئاگری شۆڕش لە شەقامەکاندا دەسووتێت، ئازادیخوازان بە وتنەوەی سروودی کوردی و شۆڕشگێڕی و بڵاوکردنەوە و نووسینی دروشم و ئاگربەردان لە ڕەمزەکانی حکومەت جەخت لەسەر ڕووخاندنی سیستەمی دەسەڵاتداری ڕژێمی ئێران دەکەنەوە.

 

لە سیستان و بەلوچستان و شارەکانی ئێران لەوانە تاران، کەرەج، مەشهەد، شیراز، ئەهواز، ڕەشت، تەبرێز، ئەسفەهان و شارەکانی دیکە، خۆپیشاندەران دروشمەکانیان دەوتەوە و لەسەر دیوارەکان نەخشاندیان، لافیتەی ناڕەزایەتییان دانا و لە مەیدانەکەدا نمایشی ناڕەزایەتییان دژی سەرکوتکارییەکانی ڕژێمی ئێران نیشاندا، کە بریتیە لە سێدارەدان و ئەشکەنجەدان و دەستگیرکردن و بەردەوام بوون لە ڕاپەڕین دژی حیجابی زۆرەملێ.