"تاکە ڕێگەی گەلی کورد دژی داگیرکارییەکان بەرخۆدانییە"

دژی ئەو هێرشانەی کە دەوڵەتی تورکیا دەیکاتە سەر ناوچەکانی کوردستان، ڕێپێوانێکی جەماوەری لەلایەن دەستپێشخەرانی بەرەنگاری لە کوردستان ئەنجامدرا و دروشمی "بەرخۆدان و بەرەنگاری، تا نەمانی ستەمکاری" وترایەوە.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە شەقامی سالم-سەهۆڵەکەی شاری سلێمانی ڕێپێوانێکی جەماوەری بەرەو باخی گشتی لەلایەن دەستپێشخەرانی بەرەنگاری لە کوردستان بە دروشمی "لە دژی داگیرکاری و خیانەت کوردستان بپارێزە"، دژی ئەو هێرشانەی کە لە لایەن تورکیاوە دەکرێتە سەر کوردستان ڕێکخرا.

 

لە ڕێپێوانەکە ژنان، چالاکوانان، ئازادیخوازان و نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بەشدارییان تێداکرد، گروپێک لە بەشداربووان بۆ ئیدانەکردنی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، جلوبەرگی سپییان لەبەرکردبوو، هەروەها وێنە و دروشمەکانی هێرشە داگیرکارییەکان و بەرخۆدانی دژی هێرشەکان بەرز کرانەوە.

 

لە درێژەی ڕێپێوانەکەدا دروشمەکانیی  دژی داگیرکاری و "ژن، ژیان، ئازادی"، "بژی بەرخۆدان"، "سلێمانی قەڵای مەردانە، پشتیوانی هەمووانە" وترانەوە.

 

لە دوای تەواوبوونی ڕێپێوانەکە، لەبەردەم باخی گشتی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدرا و هەریەک لە سارا ڕەزا، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، هاوڕی بەختیار، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، سازە عەبدوڵا، ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕان بەیاننامەی لایەنەکەیان خوێندەوە و شۆڕش خدر لەسەر ناوی کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجەلان، ئەڤین سوێد، لەسەر ناوی نوێنەرایەتی خۆسەری ڕۆژئاوا لە باشووری کوردستان و  وتاری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە لەلایەن دکتۆر شێرکۆ حەمەئەمین خوێندرانەوە و تیشیکیان خستەسەر ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیا کە دەیەوێت کۆتای بە گەلی کورد بهێنێت بە هەر ڕێگایەک بێت، بەردەوام هێرش و داگیرکاری دەکاتە سەر ناوچەکانی کوردستان، بۆیە تا ئێستاش ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالی زیندانە و هەموو مافەکانیان لێسەندوەتەوە.

 

جەختیشیان کردەوە تاکە ڕێگەی گەلی کورد بەرخۆدانییە و دژی هەموو هێرشەکان یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد دەبێتە وەڵامدەرەوەی پیلانگێڕییەکان.

 

"گەلی کورد ئەگەر یەک دەنگ بێت هیچ دەوڵەتێک ناتوانێک ڕووبەرووی ببێتەوە"

گەشە ئەحمەد، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان بۆ نوژنها دوا و ئاماژەی بەوەکرد کە ئامانجی ڕێپێوانەکەمان ئیدانەکردنی ئەو هێرشانەیە کە دەکرێتە سەر ناوچەکانی کوردستان لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە، "تورکیا بە هێرشەکانی دەیەوێت کە کۆتایی بە شەرڤانی ئازاد و ناسنامەی کورد بهێنێت، لە ئێستاشدا هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان چڕ کردووەتەوە، بۆیە ئەگەر گەلی کورد یەک دەنگ بێت، هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت کۆتایی بە گەلی کورد بهێنێت، ژن ئێستا شۆڕشگێڕە بۆیە، دەبێت ژنان بە تایبەتی یەکبگرن بۆ ئەوەی ئازادی بەدەستبهێنرێت و ڕووبەڕووی نەیارانی کورد ببنەوە.